ترسی کامێرای نهێنی باڵی بەسەر پەرلەمانتاراندا کێشاوە و ناوێرن خۆیان بگۆڕن

:: PM:09:46:11/07/2026 ‌
وەك پێشووتر "وشە" بڵاوی كردەوە، هەر 15 ئەندام پەرلەمانەکەی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بەزۆری براونەتە شاری سلێمانی و لەوێ دەستبەسەرن. زانیارییەکان ئەمڕۆ شەموو 11ی تەمووزی 2026، ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەو پەرلەمانتارانە ڕێگرییان لێ دەکرێت بگەڕێنەوە هەولێر بۆ ئەوەی بەشداری لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان نەکەن، لەو شوێنەش کە بۆ مانەوەیان دیاری کراوە، لە دڵەڕاوکێیەکی زۆردان.

هۆکاری ئەو ترس و شڵەژانەی پەرلەمانتاران، بۆ پێشینەی جووڵانەوەکە و سەرۆکەکەی دەگەڕێتەوە، کاتێک پێشتر بەرانبەر بە شادی نەوزاد پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێ، بە نهێنی کامێرای چاودێری لە ناو شوقەکەی دانرابوو و ڤیدیۆی تۆمار کرابوو، بۆ ئەوەی دواتر وەک فشار بەکار بهێنرێت. لە ئێستەشدا ئەو 15 پەرلەمانتارە لە ترسی دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆ، ناوێرن لە شوێنی مانەوەیان خۆیان بگۆڕن، چونکە گومان دەکەن کامێرای نهێنییان بۆ دانرابێت تا لە داهاتوودا ڤیدیۆکانیان بۆ ملکەچپێکردنیان بەکار بهێنرێت.

لە لایەکی ترەوە، سێبوور مەنتک بەرپرسی پێشووی نووسینگەی نەوەی نوێ لە هەولێر، لە لێدوانێکدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەو پەرلەمانتارانە لەژێر فشار و هەڕەشەدا دەستبەسەرن و شوێنی مانەوەیان پێ دراوە. ناوبراو داوای لێ کردن متمانەی خەڵک بپارێزن و نەکەونە ژێر فشاری زیندان، هەروەها بە بوێرییەوە بگەڕێنەوە هەولێر و نەبنە پاشکۆی هیچ لایەنێک.

سەبارەت بە هۆکاری ئەم ملکەچبوونەی جووڵانەوەکە، مەنتک ڕوونی کردەوە کە ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان شاسوار عەبدولواحید و بافڵ تاڵەبانی کراوە، ڕێککەوتنێکی زۆرەملێی ناو زیندانە، کە تەنیا بۆ چاوپۆشیکردن لە دۆسیەکانی شاسوار و پاراستنی موڵک و ماڵەکەی واژۆ کراوە. دووپاتیشی کردەوە کە دوای سێ مانگ لە گیرانی شاسوار، میدیای نەوەی نوێ بەتەواوی گۆڕا و ملکەچ بوو، کە ئەمەش هیچ خزمەتێک بە بەرژەوەندیی گشتی ناکات.


وشە - پۆڵا مەحموود