بەپێی ئەو كاتەی دیاری كراوە، رۆژی چوارشەم دواین كاتە بۆ پرۆسەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران، تا ئێستەیش زیاتر لە 300 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە.
ئەمرۆ یەكشەم 12ـی تەمووز، نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی، بە "وشە"ـی راگەیاند، وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران بەردەوامە.
زیاتر گوتی، بەپێی ئەو كاتەی دیاری كراوە، 15ـی تەمووز دوایین وادەیە بۆ ئەو جووتیارانەی تا ئێستە گەنمیان ڕادەست نەكردووە.
دەشڵێت، بۆ جووتیاران پێویستە لە ماوەی ئەم سێ ڕۆژەدا نۆرە بگرن و گەنمەكانیان بگەیەننە سایلۆكان.
عێراق بڕیاری داوە ئەمساڵ تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی كوردستان وەربگرێت، هەرچەندە بڕی گەنمی كوردستان ئەمساڵ زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزاری تۆنە.
بەپێی نوێترین داتاش تا دوێنێش بڕی گەنمی وەرگیراو بەم شێوەیە بووە:
سلێمانی و هەڵەبجە: 124 هەزار و 673 تۆن گەنم.
هەولێر: 113 هەزار و 165 تۆن گەنم (بێجگە لە ناوچەكانی گوێڕ و كەندێناوە).
دهۆك: 95 هەزار و 71 تۆن گەنم (بێجگە لە ناوچەی شێخان و سنووری مادەی 140).