لە بەرانبەر ترسی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان و ئەو بەیاننامەیەی پێشووی پارتی كە رای گەیاندبوو، هەر لایەنێك خۆی بە زۆرینە دادەنێت، با بێت پەرلەمان كارا بكەینەوە، یەكێتی هەڕەشە لە پەرلەمانتارانی سنووری سلێمانی دەكات و هاوكات فەرمانی گرتن بۆ پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ دەردەكات.
یەكێتی بۆ بەردەوامی بەو دۆخە چەقبەستووییە و ترسی لە پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ كە بەشداریی دانیشتنی پەرلەمان بكەن، بڕیارێكی پێكەنیناوی دەركردووە.
بەپێی ئەو هەواڵەی لە میدیاكان بڵاو بووەتەوە، یەكێتی ناوی تەواوی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێی داوەتە بازگەكانی سنووری سلێمانی، بۆ ئەوەی هەر كاتێك بیانەوێ لە سلێمانی دەربچن، ئەوا بیانگرن.
هاوكات ئێستە یەكێتی بەو بڕیارە، ئەو پەرلەمانتارانەی لە سلێمانین زیندانی كردووە، یانی ناتوانن بگەڕێنەوە هەولێر.
دوێنێ سەرچاوەیەكی بەرپرس رای گەیاند، بۆ ڕێگەگرتن لە بەشداریی پەرلەمانتارانی سنووری سلێمانی، یەكێتی بەشێوەی ڕاستەوخۆ پەرلەمانتارانی حزبەكەی و حزبەكانی تریشی ئاگادار كردوونەتەوە كە نابێ بە هیچ شێوەیەك بەشداریی كۆبوونەوەی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بكەن.
یەكێتی هەڕەشەی ئەوەی كردووە ئەگەر هەر پەرلەمانتارێك بەشداریی لە كۆبوونەوەی پەرلەمان بكات، ئەوا ڕووبەڕووی مەترسیی دەبێتەوە و تەنانەت ئەگەر دەستیشیان پێنەگات، ئەوە كەسوكاریان بەرپرسن دەبن و باجەكەی دەدەن، لە خێزانەكەیەوە بگرە تا دەگاتە دوورترین خزمەكانیان.
لە كاتێكدا یەكێتی كە دەستی بەو هەڕەشانە كردووە، ئەوان لەگەڵ نەوەی نوێ بانگەشەی ئەوە دەكەن كە خاوەنی 39 كورسیی پەرلەمانن، بەڵام بەگوتەی چاودێرانی سیاسی، ئەو رێككەوتنە ئەوە دەسەلمێنێت ئەگەر بێتە پەرلەمان، كەمتر لە 30 كورسیی پەرلەمانی بەشداریی ئەو هاوپەیمانیەتییە دەكەن.