یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان نیگەرانیی خۆی لە دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە دەربڕی و داوای لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد، بەشێوەیەكی فەرمی مامۆستایان و فەرمانبەران لە چارەنووسی شایستە داراییەكانیان دڵنیا بكاتەوە.
ئەم داواكارییە لە كاتێكدایە كە دۆخی دارایی فیدراڵ بەدەست كێشەی نەختینەییەوە (سیولە) دەناڵێنێت، هەرچەندە فەرمانبەرانی هەرێم بەر لە جەژنی قوربان مووچەی مانگی پێنج (ئایار)ـیان وەرگرتووە، بەڵام تا ئێستە مووچەی مانگی شەش (حوزەیران) لە بەغداوە ڕەوانە نەكراوە، سەرەڕای ئەوەی فالح ساری وەزیری دارایی فیدراڵ لە كۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان، دووپاتی لەسەر پابەندیی حكوومەت بە خەرجكردنی مووچە كردووەتەوە.
لەبارەی ماوەی دواكەوتنی مووچەكەوە ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان باسی لەوە كردووە، ماوەی 45 ڕۆژە مووچە دابەش نەكراوە.
ئەو داوای لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد زانیاریی ڕوون و دڵنیابەخش لەبارەی هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە بخاتە ڕوو، بۆ ئەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان لە ڕاستیی دۆخەكە تێبگەن و لە ناو چاوەڕوانییەكی نادیاردا نەمێننەوە.
سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان لە كۆتاییدا ئاماژەی بە ڕەهەندە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانی ئەم بابەتە كرد، دووپاتی لەوە كردەوە كە پاراستنی مافی مووچە و دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ فەرمانبەران و خێزانەكانیان، پێویستییەكی سەرەكی و بنەڕەتییە.
دووپاتی كردەوە كە دابینكردنی مووچە لە كاتی خۆیدا، متمانەی نێوان هاووڵاتییان و حكوومەت بەهێزتر دەكات، دەبێتە پاڵنەرێكی سەرەكی بۆ ئەوەی كۆمەڵگە بتوانێت بەسەر ئەم قۆناغە دژوارە ئابوورییەدا زاڵ بێت.