ئەمین كابایز سەرپەرشتیاری رێكخستنەكانی نەوەی نوێ لە هەولێر كە وازی لە نەوەی نوێ هێناوە رای گەیاند، نەوەی نوێ و شاسوار ئەوە نین كە لە دەرەوە نمایش دەكەن و لەناوەڕۆكدا بەتاڵن.
ئەو كە ماوەی چەندان ساڵە سەرپەرشتی رێكخستنەكانی نەوەی نوێ لە هەولێر دەكات ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لە بنەڕەتدا شاسوار و سروەی خوشكی پاك نین و ئەوانەیشی تائێستە لەگەڵیان بوون بە نیەتپاكی خۆیان كاریان لەگەڵ دەكردن، بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە تارادەیەكی زۆر ماسكەكانیان دەركەوت.
ئەمین كابایز باسی لەوە كرد، 26 دۆسییە لە دادگای سلێمانی لەسەر شاسوار هەیە و ئێستەیش بە كەفالەت ئازاد كراوە، بۆیە هاتنە دەرەوەی بە ڕێككەوتنی زیندان بووە و لەكۆتاییەكانی تەواوبوونی زیندانییەكەیشی رێككەوتنەكە كراوە.
ئەو دووپاتی لەوە كردەوە، ئێستە نەوەی نوێ نەماوە، یەكێتی ئامانجەكەی خۆی پێكا، ئەوەی بۆ نەوەی نوێ كراوە تەنیا پێدانی وەزیری ژینگەی عێراق بوو بە سروە عەبدولواحێد و هیچی تر بۆ نەوەی نوێ ناكرێ.
ئەوە لەكاتێكدایە كە دوای رێككەوتنی نێوان نەوەی نوێ و یەكێتی، نەوەی نوێ بە تەواوی توایەوە و خەڵكی كوردستان پێیان وایە ئەوە رێككەوتنی زیندانە و هیچ سوودێكی بۆ رای گشتیی تێدا نییە.