دوای ئەوەی "وشە" بڵاوی كردەوە كە بە زۆرەملێ ماڵی تەواوی پەرلەمانتارانی یەكێتی و نەوەی نوێ كە لە هەولێر بوون گواستوویانەتەوە بۆ سلێمانی، ئێستە دەركەوتووە كە پەرلەمانتارەكانی نەوەی نوێ لەبەر ئەو پێشینەیەی كە شاسوار عەبدولواحید لە دانانی كامێرای نهێنی هەیەتی، لە شوێنی مانەوەیان دڵنیا نین.
ئەمڕۆ دووشەم 13ی تەمووز، سەرچاوەیەكی ئاگەدار بە "وشە"ی راگەیاند، هێشتا بە تەواوی ئەو پەرلەمانتارانەی نەوەی نوێ كە ماڵەكانیان گواستووەتەوە سلێمانی، جێگر نەبوون، چونكە تا رادەیەكی زۆر دڵنیا نین لە شوێنی مانەوەیان.
ڕوونیشی كردەوە كە ئەوان ترسیان لەوە هەیە كامێرای نهێنی لە ژوورەكانیان دانرابێت وەك ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا شاسوار بەرانبەر بە شادی نەوزاد و چەند پەرلەمانتارێكی تر كردیان.
لەبارەی ئەوەی كە ئەمڕۆ پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ گرتەی ڤیدیۆیی لە هەولێر بڵاو كردبووەوە، ئەو سەرچاوەیە گوتی، ئەو تا ئێستە لە هەولێرە، بەڵام ئەو زۆرتر لە هەمووان لە سلێمانییە و كەسی نزیكی شاسوارە.
گواستنەوەی ماڵی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی لەژێر هەڕەشە و گوشاری یەكێتییە، بۆ ئەوەی بەشداری لە هیچ دانیشتنێكی پەرلەمانی كوردستان نەكەن.