نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و باس لەوە كراوە، لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕی 358 كیلۆگرام زێڕی دەستبەسەردا گیراویان، ڕادەستی دەستەی دەسپاكیی عێراقی فیدراڵ كرد.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لە چوارچێوەی ئەو هاریكاری و هاوئاهەنگییە بەهێز و بەردەوامەی لە نێوان عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ و مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پێوەندیدار و داودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵدا هەیە، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی ڕاسپارد تاكو لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدراڵ پێكەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندڵی و لێپیچینەوە لە گەندەڵكاران كار بكەن.
باس لەوە كراوە، لە ماوەی ڕابردووشدا، لە ئەنجامی ئەو هاریكارییەی نێوان هەردوولا، لە چوارچێوەی هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی، توانرا ڕێكاری پێویست بەرانبەر گەندەڵكاران بگیرێتەبەر و بگیرێن، و بڕێكی زۆری پارە و زێڕ و موڵك و سامان بگەڕێنرێتەوە بۆ گەنجینەی گشتی.
لەم چوارچێوەیەدا و لە دوایین كردەدا، لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕی 358 كیلۆگرام زێڕی دەستبەسەردا گیراویان، ڕادەستی دەستەی دەسپاكیی عێراقی فیدراڵ كرد.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبێت لە درێژەدان بە هاریكاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵكاران و سنووردانان بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی و برەودان بە دەسپاكی و سەروەری یاسا.