کۆمپانیای (سپەیس ئێکس) کە خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیلۆن مەسک ملیاردێری ئەمەریکی، داواکارییەکی فەرمیی پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێتی ستارلینک لە سنووری هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی بخاتە کار.
ئەمڕۆ دووشەم 13ی تەمووز، بەپێی ڕاگەیەنراوەكی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، کۆمپانیاکە داواکارییەکەی پێشکەش بە حكوومەتی هەرێم کردووە. دوای گۆڕینەوەی چەندین ئیمەیڵ لە نێوان هەردوولادا، لە 30ی حوزەیران کۆبوونەوەیەکی فەرمی لە نێوان ستافی پێوەندیداری حكوومەت و کۆمپانیای سپەیس ئێکس ئەنجام دراوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن، بەڕێوەبەری یاسایی، بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیر و نوێنەری دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ سەرپەرشتیاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێپرسراوی وەرگرتنی ڕێگەپێدانی کۆمپانیاکە ئامادەی بوون، گفتوگۆی چڕ لەسەر بابەتە پێوەندیدارەکانی کارکردنی سپەیس ئێکس و ڕێکارەکان کراوە. هاوکات مەرجەکانی حكوومەت و وەزارەت کە پێویستە ڕەچاو بکرێن بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، خراونەتە ڕوو.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دووپاتی کردووەتەوە کە بەگەرمی پێشوازی لەم هەنگاوە دەکات و بەگرنگییەوە دەڕوانێتە دابینکردنی ئینتەرنێت لە ڕێگەی ستارلینک. ئاماژە بەوەش دراوە کە دوای جێگیرکردنی ڕێنماییە تەکنیکییە پێویستەکان بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بێت، ئەم خزمەتگوزارییە پێشکەوتووە دەبێتە هەنگاوێکی تر بەرەو فەراهەمکردنی فرەچەشنیی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان.