بە بڕیاری مەسروور بارزانی زەوی لە گەرمیان دابەش دەكرێت

:: PM:06:32:14/07/2026 ‌
بە بڕیاری مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، سبەی زەوی بۆ فەرمانبەران دابەش دەكرێت و لە قۆناغی یەكەمیشدا، 27 هەزار پارچە زەوی، ئامادە كراوە. 

ئەمڕۆ سێشەم 14ی تەمووز، سەرچاوەیەكی ئاگەدار، بە "وشە"ی گوت، سبەی زەویی فەرمانبەران لە سنووری گەرمیان دابەش دەكرێت، دوای ئەوەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان فەرمانی دابەشكردنی دابوو. 

ڕوونیشی كردەوە، دابەشكردنەكە لە هەرسێ شارۆكەی كەلار، كفری و ڕزگاری ئەنجام دەدرێت، هەروەها فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە دانیشتووی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانن، لە كەلار زەوی وەردەگرن. 

"وشە" پێوەندی بە سامان ڕەحیم سەرۆكی شارەوانیی كەلار كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە. 

لە پڕۆسەی تیروپشكی سبەی، نزیكەی 27 هەزار پارچە زەوی لە گەرمیان ئامادە دەكرێت و 22 هەزار پارچەیان بۆ فەرمانبەرانە و پێنج هەزار پارچەشیان بۆ قەرەبووی خاوەن موڵكەكان.

دابەشكردنی زەویی فەرمانبەران، بە بڕیاری مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستانە كە لە ساڵی ڕابردووەوە پڕۆسەكە لە كوردستان دەستی پێ كردووە و ئێستە لە هەولێر قۆناغی بەناوكردنی زەوییەكان بەڕێوە دەچێت. 

دوای چەندان ساڵ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران، دەستكەوتێكی تری مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بوو. 

وشە/ ئاری سەعدوڵا


وشە - وشه‌