سێبوور مەنتك بەرپرسی ئۆفیسی نەوەی نوێ لە هەولێر كە ئێستە بەرانبەر ڕێككەوتنی یەكێتی و نەوەی نوێ ناڕازییە و رەتی دەكاتەوە چەند نهێنییەكی تری ئاشكرا كرد.
مەنتك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، بافڵ تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحێد دەترسن لە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان و نایانەوێت پەرلەمان كارا بكرێتەوە.
ئەو هۆكارەكەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە شاسوار و بافڵ دەزانن ناڕەزایەتی لەنێوان پەرلەمانتارەكانیان هەیە و پابەند نابن بە بڕیارەكانیان بۆیە نایانەوێ كە پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە.
هەروەك دووپاتی كردەوە كە قۆناغەكە تا ئێستە بوو لە ئێستەوە جیابوونەوەی گەورە لەناو پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ روو دەدات، چونكە بەشێكی زۆریان ئەو ڕێككەوتنە بە زۆرەملێ و رێككەوتنی ناو زیندان دەزانن.
ئەوە لەكاتێكدایە كە ئێستە 15 پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە سلێمانی دەستبەسەرن و هەڕەشەیان لێ كراوە بۆ ئەوەی بەشداری لە هیچ كۆبوونەوەیەكی پەرلەمانی كوردستان نەكەن، لەكاتێكدا پارتی دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە بۆ چارەسەری كێشەكان دەبێت پەرلەمان كارا بكرێتەوە.