پڕۆژەی كەمكردنەوەی بەفیڕۆچوونی ئاو دەستی پێ‌ كرد

:: PM:02:16:15/07/2026 ‌
لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆوە بەشێوەیەكی فەرمی دەست كرا بە پڕۆژەی كەمكردنەوەی بەفیڕۆچوونی ئاو، سەرەتاش لە قوشتەپە دەست پێ‌ دەكات و دواتر تەواوی كوردستان دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی تەمووز، ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ بە هاوكاری و پاڵپشتی دارایی ڕێكخراوی یونسێف، پڕۆژەی كەمكردنەوەی ئاوی بەفیڕۆچوو لە شارۆچكەی قوشتەپە دەست پێ دەكات.

زیاتر گوتی، ئەو پڕۆژەیە ئامانج لێی باشتركردنی بەڕێوەبردنی تۆڕی دابینكردنی ئاو و بەرزكردنەوەی كارایی خزمەتگوزارییەكانە بۆ هاووڵاتییان.

باسی لەوەش كرد، ئەم دەستپێشخەرییە ژینگەیی و خزمەتگوزارییە لەسەر چەند قۆناغێكی تەكنیكی كار دەكات، لەوانە هەڵسەنگاندنی وردی تۆڕی دابینكردنی ئاو، دروستكردنی هاوسەنگیی ئاو، دیزاینكردنی ناوچەی تاقیكاریی پێوانەكراو بۆ كۆنترۆڵكردنی لێچوونەكان.

دەشڵێت، پڕۆژەكە گرنگییەكی تایبەت بە پەرەپێدانی توانا و لێهاتوویی كادرە تەكنیكییە ناوخۆییەكان دەدات، بۆ ئەوەی چاودێرییەكی بەردەوام و سەركەوتووی تۆڕەكە بكەن.

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاو، كۆمپانیای ڕاوێژكاری بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری هەولێر، سەرجەم قۆناغەكانی كاركردن جێبەجێ دەكات بە جۆرێك كە بناغەیەكی زانستیی پتەو بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو دابنرێت. 

لە كۆتایی قسەكانیدا رای گەیاند، جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە لە قوشتەپە تەنیا سەرەتایەكە، چونكە بڕیارە ئەزموونی سەركەوتووی ئەم كارە لە داهاتوودا وەك مۆدێلێكی نوێ لە ناوچەكانی تری كوردستان جێبەجێ بكرێت.



وشە - رامیار جەواد