هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە شۆفێران ئاگادار دەكاتەوە كە بەهۆی یاریی ئەمشەوەوە كە یاری پێش كۆتایی مۆندیالە، شەقامی باخی گشتی لە بەردەم سكرینە گەورەكەی سەنتەری شار، بە ئاراستەی مزگەوتی دارولئیحسان بەربەست دەكرێت بەڕووی هاتوچۆی شۆفێران.
بەپێی ئاگادارییەكەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەڵەبجە، تێیدا هاتووە: ئاگاداری سەرجەم شۆفێران لە هەڵەبجە دەكەنەوە، بەهۆی بەڕێوەچوونی یارییەكانی قۆناغی پێش كۆتایی مۆندیالی 2026، ئەمشەو 15ی تەمووزی 2026، ڕێكاری تایبەتی هاتوچۆ دەگیرێتەبەر.
دەشڵێت: بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان و هاندەران، شەقامی باخی گشتی لە بەردەم سكرینە گەورەكەی سەنتەری شار بە ئاڕاستەی مزگەوتی دارولئیحسان لە سەعات 10ی شەو تا كۆتایی یاریەكە بەربەست دەكرێت بەڕووی هاتوچۆی شۆفێران.
داواش لە شۆفێران دەكات هاوكاری تیمەكانی هاتوچۆبن، ڕێگەی ترەوە جێگرەوە بەكار بهێنن بۆ ئەوەی قەرەباڵغی دروست نەبێت و بەشدارانی یارییەكە بە سەلامەتی بگەنە شوێنی مەبەست.