لە كاتێكدا میدیاكانی یەكێتی و ئەوانەیشی كە بافڵ تاڵەبانی پارەداریان دەكات رۆژ تا ئێوارە قسە لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، بەڵام قوباد تاڵەبانی بەناوی حكوومەتەوە چووەتە گەرمیان و پڕۆژە دەكاتەوە.
میدیاكانی یەكێتی هیچ شتێك نەماوە دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەیڵێن، تا ئەو رادەی قوباد تاڵەبانیيان خستووەتە حاڵەتی ئیحراجی، بەڵام ئەمڕۆ ئەو ئیحراجییەی شكاند و بۆ تيروپشكی دابەشكردنی زەويی فەرمانبەران بە فەرمانی مەسروور بارزانی چوو بۆ گەرمیان.
قوباد تاڵەبانی بەناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە جێگری سەرۆك وەزیرانە پڕۆژەكان دەكاتەوە، بەڵام میدیای یەكێتی ئیحراجیان كردووە و بەردەوام هێرش دەكەن.
ئەمڕۆ چوارشەم 15ی تەمووز، جیهاد حەسەن پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان، بە "وشە"ی گوت، یەكێتی مامەڵەیەكی راست ناكات، لەلایەك لە حكوومەتدا و لەلایەكی تریشەوە بەرپرس و میدیاكانیان دژی حكوومەتن.
ڕوونیشی كردەوە كە خەڵكی كوردستان باش لەو سیاسەتی دووفاقییە تێگەیشتووە و لایەنە سیاسییەكانیش ئەوە دەبینن، بۆیە پێویستە یەكێتی و بە تایبەت قوباد تاڵەبانی وەك جێگری سەرۆكی حكوومەت ئەوە یەكلا بكاتەوە.
لە چەند رۆژی رابردوویشدا، نامۆ سەلام رۆژنامەنووس لە سلێمانی باسی لەوە كرد كە میدیاكانی یەكێتی خراپ بەناوكەوتوون، چەند رۆژێكە ڕاپۆرت و ڤیدیۆ و شیكاری دەكەن كە جیاوازی كراوە لە پڕۆژەكانی سنووری ئیدارەی سلێمانی بە بەراورد بە شارەكانی تری هەرێمی كوردستان، بێ ئاگا لەوەی تەواوی دەسەڵاتەكانی زۆنی سلێمانی لای قوباد تاڵەبانییە، داهات و بڕیارە ئیدارییەكانی ئەم شارە و هەڵەبجەیش هەر لەلای حكوومەتی خۆجێيی سلێمانی و هەڵەبجەیە.