پڕۆژەی دابینكردنی ئاو بۆ 35 هەزار هاووڵاتیی 53 گوندی دەڤەری بارزان تەواو كرا

:: PM:01:45:16/07/2026 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكانی بۆ بووژانەوەی ژێرخانی سەرچاوەكانی ئاو و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان، پڕۆژەیەكی تری ستراتیجیی ئاوی لە دەڤەری بارزان تەواو كرد.

ئەم پڕۆژە گەورەیە، ئاوی پاكی خواردنەوە بە پێوەری نێودەوڵەتی، بۆ زیاتر لە 35 هەزار هاووڵاتی لە 53 گوندی ناوچەكە دابین دەكات و ئاسایشی ئاو لە دەڤەرەكەدا دەستەبەر دەكات.

لە پێناو دابینكردنی ئاوی پاكی خواردنەوە و بەهێزكردنی كەرتی خزمەتگوزاری لە گوندەكاندا، پڕۆژەی ستراتیجیی ئاوی 53 گوندی دەڤەری بارزان لەسەر ڕووباری "ئاڤا شین" بە سەركەوتوویی تەواو كرا.

ئەم پڕۆژە موژدەبەخشە بە گوژمەی 138 ملیار و 500 ملیۆن دینار، بە تەواوی لەلایەن دەستی كاری ناوخۆییەوە جێبەجێ كراوە، ئەمەش نیشانەی متمانەی حكوومەت و توانای بەرزی كەرتی ناوخۆیە لە جێبەجێكردنی پڕۆژە ستراتیجییەكاندا.

ئەم پڕۆژەیە، خاوەنی تایبەتمەندییەكی تەكنیكیی بەرزە و بەم شێوازەی خوارەوە دیزاین و جێبەجێ كراوە:

• توانای بەرهەمهێنان: توانای پاڵاوتن و بەرهەمهێنانی 1200 مەتر سێجا ئاوی پاكی لە سەعاتێكدا هەیە، بەگوێرەی بەرزترین پێوەرە نێودەوڵەتییەكان.

• تۆڕی گواستنەوە: ئاوەكە لە ڕێگەی تۆڕێكی فراوانی گواستنەوە، بەدرێژایی 540 كیلۆمەتر دەگەیەنرێتە سەرجەم گوندەكان.

• كۆگەكانی ئاو: پڕۆژەكە پێكهاتووە لە پێنج كۆگەی گەورە و 54 كۆگەی بچووك، كە ئەركی وەرگرتن و دابەشكردنی دادپەروەرانەی ئاوەكە بەسەر ماڵاندا ڕێكدەخەن.

ئەم پڕۆژە بنەڕەتییە، دەبێتە هۆی بەخشینی دڵنیایی بە گوندنشینان، بۆ مانەوە لە زێدی باوك و باپیرانیان و ڕێگریی دەكات لە كۆچكردن بەرەو شارەكان.

هاوكات زەوینەیەكی لەبار دەرەخسێنێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی دەڤەرەكە زیاتر گرنگی بە سێكتەرە گرنگەكانی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری بدەن، ئەمەش پاڵپشتییەكی گەورەیە بۆ ئابووریی وڵات.




وشە - رامیار جەواد