ئەمڕۆ هەینی 17ی تەمووزی 2026، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبادا هاتووە كە هەردوو وەزارەت ڕێوشوێنی خێرایان گرتووەتە بەر، دوای ئەوەی کۆمپانیای داناگاز بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر وەستاند. ئەمەش بووەتە هۆی ڕاوەستانی هەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا و کەمبوونەوەی 2500 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان.
بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە و دابەشکردنی ئەو بڕە کارەبایەی کە لە وێستگە جۆراوجۆرەکان بەرهەم دێت، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، تیمێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتیان ڕاسپاردووە. ئامانج لەم هەنگاوە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەیە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ڕێکوپێك کارەبا بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەش بکرێت. بۆ ئەو مەبەستەش، تیمێکی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم بەردەوام چاودێریی دۆخەکە و ڕێکخستنەوەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی کارەبا دەکات.
لە راگەیەنراوەكەدا زیاتر هاتووە، بۆ دابینکردنی غازی شل و پڕکردنەوەی پێداویستیی ڕۆژانەی ماڵان، ڕەزامەندیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی وەرگیراوە. هەر ئەمڕۆ چەندین تانکەری غاز ڕەوانەی شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە. هەردوو وەزارەتەکە هاووڵاتییان دڵنیا دەکەنەوە کە قەیرانی غازی ماڵان ڕوو نادات و کار دەکرێت بۆ ئەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر بە زووترین کات دەست پێ بکاتەوە.