محەمەد سەعدەدین ئیلخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان، ئیدانەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکات و بە پێشێلکارییەکی مەترسیدار بۆ سەر سەروەریی ناوچەکە لەقەڵەم دەدات.
ئەمڕۆ هەینی 17ـی تەمووز، محەمەد سەعدەدین ئیلجانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان ڕای گەیاند کە ئەو هێرشانەی لەم دوو ڕۆژەی ڕابردوودا لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان، بە تەواوی ئیدانە دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم جۆرە هێرشانە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدەن و لە هەمان کاتدا پێشێلکارییەکی ڕوونن بۆ سەر سەروەریی هەرێمی کوردستان و عێراق.
محەمەد سەعدەدین ئیلخانی داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە پێوەندیدارەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە ڕێکاری پێویست و رژد بگرنەبەر بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم پەلامارانە، چونکە ئەم هێرشانە هەڕەشەیەکی مەترسیدار و ڕاستەوخۆن بۆ سەر ژیان و سەلامەتی هاووڵاتییانی سیڤیل لە هەرێمی کوردستان.