پارێزگاری سلێمانی بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە کرانە سەر شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان و داوا دەکات هاووڵاتییان خۆیان لە شوێنی بۆردمانەکە بەدوور بگرن.
ئەمڕۆ هەینی 17ـی تەمووز، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکان بۆ سەر شاری سلێمانی و کوردستان دەکەن.
پارێزگاری سلێمانی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان و حکوومەتی خۆجێی سلێمانی، بێلایەنانە و بەرپرسیارانە مامەڵە دەکەن و بەشێک نین لەم جەنگەی بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە هاووڵاتییان کراوە کە لە شوێنی بۆردمانەکان نزیک نەبنەوە و ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ هێزەکانی ئاسایش، ناوخۆ و لایەنە پێوەندیدارەکان دروست نەکەن، تاوەکو بتوانن کارەکانی خۆیان بە پیشەییانە جێبەجێ بکەن.