پڕۆژەیەكی ستراتیجیی ئاو دەكرێتەوە

:: AM:10:18:18/07/2026 ‌
كاروانێكی تری خزمەتگوزاری و ئاوەدانی گەیشتە قۆناغی بەرهەمدان و موژدەی گەیاندنی ئاوی پاكی خواردنەوە بەخشرایە دانیشتووانی دەڤەری بارزان.

 لە هەنگاوێكی گرنگ و ستراتیجی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، پڕۆژەی دابینكردنی ئاو بۆ 53 گوندی ناوچەكە كۆتایی هات، كە دەبێتە هۆی بووژانەوەی ژیان و گەڕانەوەی ئومێد بۆ زیاتر لە 35 هەزار هاووڵاتی و كۆتاهێنان بە كێشەی كەمئاوی لەو سنوورە.

ئەم پڕۆژە گەورەیە كە یەك لە پڕۆژە هەر ستراتیجییەكانە و لەسەر ڕووباری ئاڤا شین بنیات نراوە، توانایەكی بەرزی هەیە و دەتوانێت لە یەك سەعاتدا 1200 مەتر سێجا ئاو بپاڵێوێت، پرۆسەی وەرگرتن لە ڕووبارەكە و پاڵاوتنی ئاوەكە بەپێی بەرزترین ستانداردە نێودەوڵەتییەكان ئەنجام دەدرێت، تا دڵنیایی تەواو بدرێت لە پاكی و تەندروستبوونی ئەو ئاوەی دەگاتە ماڵی هاووڵاتییان.

جێبەجێكردنی ئەم شاكارە خزمەتگوزارییە بە گوژمەی 138 ملیار و 500 ملیۆن دینار ئەنجام دراوە، خاڵی جێگەی شانازیش لەم كارەدا ئەوەیە كە تەواوی قۆناغەكانی پڕۆژەكە لەلایەن كۆمپانیا ناوخۆییەكان و بە دەستی كاری ناوخۆیی وڵات جێبەجێ كراوە، بۆ دڵنیابوون لە گەیاندنی ئەم ئاوە پاكە بە هەموو ماڵێك، تۆڕێكی بەرفراوانی بۆڕیی گواستنەوە بە درێژایی 540 كیلۆمەتر ڕاكێشراوە، هەروەها پێنج كۆگەی گەورەی ستراتیجی و 54 كۆگەی بچووكیش بۆ وەرگرتن و هەڵگرتن و دابەشكردنی ئاوەكە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و زانستی دروست كراون.

گرنگی و ڕەهەندەكانی ئەم پڕۆژە ستراتیجییە تەنیا لە دابینكردنی ئاوی خواردنەوەدا كورت نابێتەوە، بەڵكو كاریگەرییەكی قووڵی كۆمەڵایەتی و ئابووری دروست دەكات، لە ڕابردوودا كێشەی كەمئاوی یەكێك بووە لە ئاستەنگە گەورەكانی بەردەم مانەوەی دانیشتووان لە ناوچە گوندنشینەكان، بەڵام بەردەستبوونی ئاوی پاك و بەردەوام لەمەودوا، هاندەرێكی زۆر بەهێز دەبێت بۆ گوندنشینان تا بە دڵنیاییەوە لە زێدی باوباپیرانیان بمێننەوە، ئەم سەقامگیرییەش پاڵنەر دەبێت بۆ ئەوەی خەڵكی ناوچەكە گرنگییەكی زۆر زیاتر بە هەردوو كەرتی ئاژەڵداری و كشتوكاڵ بدەن، كە لە كۆتاییدا دەبێتە مایەی بووژانەوەی ئابووریی ناوچەكە بەگشتی و زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی.

ئێستە سەرجەم كارە هونەری و ئەندازەییەكانی پڕۆژەكە بە تەواوەتی كۆتاییان هاتووە و بڕیارە لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا بە فەرمی بكەوێتە كار، تا ئاوی ژیانبەخش بڕژێتە ماڵی دانیشتووانی هەر 53 گوندەكەی دەڤەری بارزان و قۆناغێكی نوێ لە ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی دەست پێ بكات.



وشە - رامیار جەواد