بافڵ و قوباد مەرزی تەنسیقیان كردەوە

:: AM:10:50:18/07/2026 ‌
پەرلەمانتارێكی كوردستان رای دەگەیەنێت، لە پێنجوێن شتێك بەناوی مەرزی باشماخ نەماوە و  ئەوەی هەیە تەنسیقە، بە خەڵكی دەڵێن بارەكەت گومرگ مەكە و بە تەنسیق داخلی بكە.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی تەمووز، عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری كوردستان، لە پێنجوێنەوە نامەیەكی بۆ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی ڕاگەیاند و دەڵێ، "بەكردەیی بینیم خاڵی گومرگی باشماخ نەماوە و هێڵی تەنسیق چالاكە".

باس لەوەش دەكات، ئەو باشماخەی سەردەمانێك داهاتی مانگانەی زیاتر لە 30 ملیار دینار بوو، ئێستە مردووە، بە فەرمی هێڵی قاچاخ (تەنسیق) كراوەیە و بە ئاشكرا بە خەڵك دەڵێن: گومرگ مەدە، وەرە بە (تەنسیق) زۆر هەرزانترە.

عەلی روونی كردووەتەوە، لە عەلاگە، شووشەوات، پایسكیل، شیر، گۆشت، مریشك، دووگ، نەمام، جگەر، جگەرە و هەموو شت، ڕۆیشتنی برنج و شەكر و زەیت و هتد، لەو هێڵی  تەنسیقەوە دەهێننە ناوەوە. 

وەك ئەو دەڵێ، بەچاوی خۆی دیویەتی "سێ ئۆتۆمبێل لە هێڵی گومرگی فەرمی حكوومەت وەستاون، كەچی زیاتر لە 100 بارهەڵگر لە هێڵی قاچاخ/تەنسیق نۆرەیان گرتووە بۆ هاتنە ناوەوە".

بەگوتەی حەمەساڵح، "ئێستە ئاسایش و هێزەكان هەموو بە فەرمی بوونەتە پاسەوانی ئەم تەنسیقە و نەمانی داهات" وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی ئەم كارمەندانەی هێزەكانی تەناهی، مووچەخۆری حكوومەتن، بەڵام داهات بۆ یەكێتی پەیدا دەكەن. 

لە كۆتایی قسەكانیدا سەرۆكی رەوتی هەڵوێست، دەپرسێ "حزب و حكوومەت ئێوەن، مەعقوولە ملیاران دیناری مانگانە لە داهاتی گشتی سلێمانی ببەن؟".



وشە - رامیار جەواد