لە كاتێكدا دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سلێمانی پێویستی بە تەواو بوون هەیە، بەڵام بەهۆی دزینی داهاتی سنوورەكە لەلایەن سەرانی یەكێتییەوە، نە پڕۆژە كۆنەكان تەواو كراون و نە هیچ پڕۆژەیەكی تری نوێیش بنیات دەنرێن.
تەنیا بە چاوگێڕان بەناو سلێمانیدا، شارەكە پێویستی بە دەیان شەقامی فراوان و پڕۆژەی راكێشانی ئاو و قیرتاوكردنەوەی شەقامی 60 و تەواوكردنی شەقامی 100 مەتری و دروستكردنی چەندان پاركی خێزانی هەیە، بەڵام بەهۆی دزینی داهاتی سنوورەكەوە هیچ كام لەوانە جێبەجێ ناكرێن.
یەكێك لە سەرچاوە سەرەكییەكانی داهاتی سنوورەكە، مەرزی باشماخە، بەڵام ئەمڕۆ عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست ئەوەی ئاشكرا كرد، ئەو مەرزە مردووە و داهاتەكەی بۆ كوڕانی تاڵەبانی دەچێت.
عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری كوردستان، لە پێنجوێنەوە نامەیەكی بۆ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی ڕاگەیاند و دەڵێ، "بەكردەیی بینیم خاڵی گومرگی باشماخ نەماوە و هێڵی تەنسیق چالاكە".
باس لەوەش دەكات، ئەو باشماخەی سەردەمانێك داهاتی مانگانەی زیاتر لە 30 ملیار دینار بوو، ئێستە مردووە، بە فەرمی هێڵی قاچاخ (تەنسیق) كراوەیە و بە ئاشكرا بە خەڵك دەڵێن: گومرگ مەدە، وەرە بە (تەنسیق) زۆر هەرزانترە.
عەلی روونی كردووەتەوە، لە عەلاگە، شووشەوات، پایسكیل، شیر، گۆشت، مریشك، دووگ، نەمام، جگەر، جگەرە و هەموو شتێك، ڕۆیشتنی برنج و شەكر و زەیت و هتد، لەو هێڵی تەنسیقەوە دەهێننە ناوەوە.
وەك ئەو دەڵێ، بەچاوی خۆی بینیویەتی، "سێ ئۆتۆمبێل لە هێڵی گومرگی فەرمیی حكوومەت وەستاون، كەچی زیاتر لە 100 بارهەڵگر لە هێڵی قاچاخ/تەنسیق نۆرەیان گرتووە بۆ هاتنە ناوەوە".
بەگوتەی حەمەساڵح، "ئێستە ئاسایش و هێزەكان هەموو بە فەرمی بوونەتە پاسەوانی ئەم تەنسیقە و نەمانی داهات". وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی ئەم كارمەندانەی هێزەكانی تەناهی، مووچەخۆری حكوومەتن، بەڵام داهات بۆ یەكێتی پەیدا دەكەن.
لە كۆتایی قسەكانیدا سەرۆكی رەوتی هەڵوێست دەپرسێ، "حزب و حكوومەت ئێوەن، مەعقوولە ملیاران دیناری مانگانە لە داهاتی گشتیی سلێمانی ببەن؟".
كەواتە ئێستە كاتی ئەوەیە خەڵكی سلێمانی لەو داهاتە بپرسنەوە بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیان بۆ بنیات بنێت، نەك چاوبەست بكرێن بەو قسەیەی كە حكوومەت جیاوازی لە نێوان سنوورەكاندا دەكات.
ئەگەر ئەو داهاتە بە شەفافی و بەبێ دزی بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی، ئەوە بە دڵنیاییەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ سنوورەكە خەرجی دەكاتەوە و ناچێتەوە گیرفانی كەس، بەڵام كاتێك دینارێكی سنوورەكە دیار نەبێ، خەڵكی سلێمانی بەچی ببن بە خاوەنی شەقامی 100 مەتری و پارك و ئاوەدانی.
خەدیجە مزووری ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشت بەو داهاتانە دەبەستێ كە لە سنوورەكانەوە بە دەست دێن، بەڵام كاتێك داهاتی شوێنێك دیار نابێ بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە، دەست بەستراو دەبێت.
ڕوونیشی كردەوە كە حكوومەت بە یەك چاو سەیری تەواوی كوردستان دەكات، لە ماوەی رابردوویشدا پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە هەموو شوێنەكانی كوردستان كردووە، بەڵام ئەگەر داهاتی مەرزەكان بەشەفافی بگەڕێتەوە، بە دڵنیاییەوە پڕۆژەی باشتر و جوانتر دەكرێت.