مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، بەرژەوەندیی گشتی بخەنە سەرووی بەرژەوەندیی كەسییەوە و رێگە نەدەن پەرلەمان ببێتە بارمتە.
ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی تەمووز، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەكاتی كردنەوەی پرۆژەی ئاو لە سنووری بارزان رای گەیاند، هیوا دەخوازین هەرێمی كوردستان بەشێك نەبێت لەو شەڕانە، هەروەها هەرێمی كوردستان هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ لایەنێك، بۆیە نابێت بەبێ بیانوو بكرێتە ئامانج.
باس لەوەش كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانی لە حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی عەلی زەیدی دەكات. داواشی كرد بەغدا بەبێ جیاوازی دەستوور جێبەجێ بكات و مافەكانی خەڵكی كوردستان بدات، بۆ ئەوەی وڵات بەرەو ئارامیی زیاتر هەنگاو بنێت.
مەسرور بارزانی دڵگرانیی خۆی لە كارانەكردنەوەی پەرلەمان و پێكنەهێنانی حكوومەتی نوێ پێشان دا، داوای لە حزبەكان كرد رێز لە خواستی خەڵك بگرن و بە زووترین كات بچنە پەرلەمان.
دووپاتیشی كردەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان رێزی لە دەنگی خەڵك گرتووە و ئامادەیە، بۆیە داوای كرد لایەنەكانی تریش بەرژەوەندیی گشتی بخەنە سەرووی بەرژەوەندیی كەسییەوە و رێگە نەدەن پەرلەمان ببێتە بارمتە.