وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە میانی گوتارێكیدا لە رێوڕەسمی كردنەوەی پڕۆژەی ئاوی باڵندا- بارزان گوتی: سەرەڕای هەموو ئاستەنگە ئابوورییەكان، بەپاڵپشتی مەسروور بارزانی پڕۆژەكان نەوەستاون و كاری گەورە بەتایبەت لە بواری ئاودا كراوە.
ساسان عەونی ئاماژەی بەوەش كرد، دیدگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان روون و ئاشكرایە بۆ سوودوەرگرتن لە ئاوی سەر زەوی و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بەیەكسانی.
گوتیشی، پڕۆژەی ئاوی 53 گوندی دەڤەری بارزان، یەكێكە لە پڕۆژە گەورەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە رووباری شین ئاو بۆ ئەو گوندانەی دەڤەری بارزان بەرهەم دەهێنێت و دەگوازێتەوە.
دەشڵێت، ئەم پڕۆژانە بایەخی زۆری هەیە لە نەهێشتنی كێشەی كەمئاوی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان، دەبوو ئەم پڕۆژەیە 11 ساڵ بەر لە ئێستە تەواو بكرایە، بەڵام بەهۆی قەیران و هۆكاری جیاوازەوە كارەكانی وەستابوو.
ساسان عەونی باسی لەوەش كرد، لە چوارچێوەی پلانەكانی حكوومەت بۆ چارەكردنی كێشەی كەمئاوی، گرێبەستی تەواوكردنی پڕۆژەكە لە نێوان كۆمپانیای جی ئی جی كە كۆمپانیایەكی خۆماڵییە، سەرجەم ئەو كارانەی مابوو لە ماوەی ساڵیك و دوو مانگدا تەواو كران.
ئەو پرۆژەیە لە ساڵی 2013 دەستی پێ كرد، بەڵام بەهۆی تەنگەژەی دارایی تەولاو نەكراو و كارەكانی وەستا، كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی بۆ دابین كرد و پرۆژەكەی تەواو كرد.
گرنگترین زانیاری لەسەر پڕۆژەكە
* سەرچاوەی ئاو: پڕۆژەكە لەسەر ڕووباری "ئاڤاشین" (ئاڤا شین) لە گوندی باڵندای سنووری مێرگەسۆر جێبەجێ كراوە.
* تێچووی پڕۆژە: گوژمەی پڕۆژەكە 138 ملیار و 500 ملیۆن دینارە، كە بە تەواوی لەلایەن كۆمپانیا و دەستی كاری ناوخۆییەوە جێبەجێ كراوە.
* توانای بەرهەمهێنان: وێستگەی پاڵاوتنی پڕۆژەكە توانای دابینكردنی 1200مەتر سێجا ئاوی پاكی لە سەعاتێكدا هەیە.
* تۆڕی گواستنەوە: درێژی هێڵە سەرەكییەكانی گواستنەوە نزیكەی 220 كیلۆمەترە، و تۆڕی ناوخۆیی گوندەكانیش زیاتر لە 320 كیلۆمەترە (كۆیی گشتی 540 كم تۆڕی گواستنەوە).
* وێستگە و كۆگاكان: پڕۆژەكە 3 وێستگەی سەرەكی پەمپكردن (كە 24 پەمپ لەخۆدەگرێت) و 70 كۆگای قەبارە جیاواز (5 كۆگای گەورە و 65 كۆگای بچووك) بۆ گلدانەوە و دابەشكردنی ئاو لەخۆدەگرێت.
* ئەم پڕۆژەیە ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لە دابینكردنی ئاسایشی ئاو لە ناوچەكە و هاندانی گوندنشینان بۆ مانەوە لە زێدی خۆیان و پەرەپێدانی كەرتەكانی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری.