سبەی قۆناغی یەكەمی دابەشكردنی زەوی لە سنووری شارەدێی زەڕایەن دەست پێ دەكات، و زیاتر لە 300 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران، خانەنشینان و زیندانیانی سیاسی دابەش دەكرێن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی رای گەیاند، سبەی سەرۆكایەتیی شارەوانی زەڕایەن قۆناغی یەكەمی دابەشكردنی زەوی دەست پێ دەكات و بەپێی پلانی شارەوانی، لەم قۆناغەدا 329 پارچە زەوی بۆ سوودمەندبووان تەرخان كراوە.
283 پارچە زەوی بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان دەبێت، هەروەها 46 پارچە زەویی تریش بۆ زیندانیانی سیاسی تەرخان كراوە، پرۆسەكە بە شێوەیەكی شەفاف و لە رێگەی تیروپشكی دیجیتاڵییەوە ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی دادپەروەری لە دابەشكردنی زەوییەكاندا هەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەكانی سلێمانی ئاماژەی بەوە كردووە، بۆ ئەوەی سەرجەم فەرمانبەرانی سنوورەكە لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بن، پێویستیان بە 73,000 پارچە زەوی هەیە.
دابەشكردنی زەویی فەرمانبەران، بە بڕیاری مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستانە كە لە ساڵی ڕابردووەوە پڕۆسەكە لە كوردستان دەستی پێ كردووە و ئێستە لە هەولێر قۆناغی بەناوكردنی زەوییەكان بەڕێوە دەچێت.
دوای چەندان ساڵ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران، دەستكەوتێكی تری مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بوو.