عەلی حەمەساڵح هەڕەشە لە پەرلەمانتارێك دەكات

:: AM:09:05:20/07/2026 ‌
پەرلەمانتارێكی كوردستان رای دەگەیەنێت كە عەلی حەمەساڵح بەردەوام هەڕەشەی لێ دەكات و كێشەی بۆ دروست دەكات. ئاماژە بەوەش دەكات، داوای نووسیوە و داوای 300 ملیۆن دینار دەكات.

سازگار فەریق پەرلەمانتاری كوردستان لە فەیسبووك پۆستێكی كردووە و دەڵێت، عەلی حەمەساڵح ئەو زمانە پڕ لە هەڕەشە و تۆمەتە بە پشتیوانیی كێیە؟، ئەگەر حزبێكی دەسەڵات ئەو زمانەی بەكار بهێنایە، عەلی هەڵوێستت چی دەبوو؟.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، داوایەكت كردووە لە ماوەی دوو ڕۆژدا، داواكە گەیشتووە و لە ناویدا داوای (300 ملیۆن دینار) دەكەیت، دەتوانی ڕوونی بكەیتەوە بۆ ڕای گشتی ئەم بڕە پارەیە و ئەم داوایە لە پێناو چیدایە؟.

ئەو پەرلەمانتارە بە عەلی دەڵێت، لەو كاتەی بوویتە ئەندامی پەرلەمان، ڕووبەڕووی هەڕەشەیەكی زۆر و مەترسییەكی گەورەتان كردوومەتەوە، لە كاتێكدا بێ لەوەی من ئەندام پەرلەمانم، هاوسەری شەهیدێكی بەناحەق خوێنڕژاوم. ئەو خوێنەی كە ماوەی 10 ساڵ زیاترە بەڕێزتان بەكارتان هێنا و سوودمەند بوون لە كاری پەرلەمانتاری.

لە بەشێكی قسەكانی روونی كردووەتەوە، دەمەوێت ئیتر بێدەنگی بشكێنم: بەڕای گشتی بڵێم ئێستە دایكی منداڵێكی بێ باوك، ژنی شەهیدێكی خێر لەخۆنەدیو، قوربانییەكی دەسەڵات كە ئەندام پەرلەمانە لەڕووی هەڵوێست، ژیانم لە بەردەم مەترسییەكی گەورەدایە. بەردەوام ئەم بەڕێزە ڕووبەڕووی كێشەیەكی زۆری كردوومەتەوە و هەڕەشە لە خۆم و منداڵە بێ باوكەكەم دەكات، ئەویش ئێستە دوای پەرلەمانتاریم.


وشە - رامیار جەواد