پسوولەی خۆراكی هەولێر، هاووڵاتییان ئاگادار دەكاتەوە كە پێویست ناكات سەردانیان بكەن و دەتوانن سەرجەم ڕێكارەكان بە شێوازی ئەلیكترۆنی و لە ڕێگەی تەلەفۆنەكانیانەوە جێبەجێ بكەن.
ئەمڕۆ دووشەم 20ی تەمووز، بەڕێوەبەرایەتیی ڕێكخستنی پسوولەی خۆراكی هەولێر، ئاگاداری هاووڵاتییان دەكاتەوە كە مامەڵەی گواستنەوەی خێزانیان لە نێوان پارێزگاكاندا هەیە؛ پێویست ناكات سەردانیان بكەن و دەتوانن سەرجەم ڕێكارەكان بە شێوازی ئەلیكترۆنی و لە ڕێگەی تەلەفۆنەكانیانەوە جێبەجێ بكەن.
هاوكات ڕوونی كردووەتەوە، ئەم كارئاسانییە ئێستە ئەو خێزانانە ناگرێتەوە كە نیشتەجێی سنووری ناوچەكانی مادەی 140ـی وەك پارێزگاكانی كەركووك، نەینەوا (مووسڵ)، دیالە و سەڵاحەدینن. داوا لە دانیشتووانی ئەم ناوچانە دەكرێت تا كاتی ڕاگەیاندنی فەرمی، بۆ وەرگرتنی نووسراوی لاری نەبوون (عدم ممانعە) سەردانی فەرمانگەكەیان نەكەن.
ئاماژە بەوەش دراوە، پێویستە هاووڵاتییانی ئەو شارانە چاوەڕێ بكەن تا ڕەزامەندیی پێویست لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەردەچێت؛ بەڕێوەبەرایەتیی پسوولەی خۆراكی هەولێر دووپاتی كردەوە كە بە برەودان بە ئاسانكارییەكان، هەر كاتێك بڕیاری پێویست درا، لە ڕێگەی پێگە فەرمییەكانیانەوە ڕای دەگەیەنن.