راگەیەنراوێك لە پارێزگای هەولێرەوە

:: PM:08:15:20/07/2026 ‌
پارێزگای هەولێر راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین لە بازاڕەكانی هەرێم و كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان، بڕیاردرا نرخی یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵی حكومی بە 750 دینار بێت، هەروەها نابێت نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لە بەنزینخانەكاندا لە 850 دینار زیاتر بێت.

ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە دوابەدوای ئەم بڕیارەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەی پارێزگاری هەولێر لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان، لە سبەیەوە دەبێت لەسەرجەم بەنزینخانەكان نرخی یەك لیتر بە نزینی نۆرماڵی حكومی "پاڵپشتی كراو" بە 750 دینار بێت و نرخی یەك لیتر بەنزینی نۆڕماڵی بازرگانیش بە 850 دینار بێت.

باس لەوە كراوە كە بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە و پاراستنی مافی هاووڵاتییان، ئەمڕۆ لیژنەیەكی تایبەتیش بۆ چاودێریكردنی نرخ و كوالێتی بەنزین پێكهێنرا، هەر بەنزینخانەیەك پابەندی ئەم بڕیارە و نرخە دیاریكراوانە نەبێت، ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی و داخستن دەبێتەوە.



وشە - وشه‌