مووچەی هەزاران فەرمانبەران زیاد كرا

:: AM:09:19:21/07/2026 ‌
بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مووچەی هەزاران فەرمانبەر زیاد كرا و لە مانگی تەمووز خراوەتە سەر مووچەكەیان.

ئەمڕۆ سێشەم 21ـی تەمووز، بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری كە دەست "وشە" كەوتووە، وەزارەتی دارایی و ئابووری بە گشتاندنی ژمارە (4) ساڵی 2026، روونكردنەوەی داوە لەسەر خەرجكردنی دەرماڵەی پایە بەم شێوەیەی خوارەوە:

1-گۆڕانكاری لە پۆستە بنەڕەتییەكاندا (دەرماڵەی پایەیان بۆ خەرج دەكرێت): ئەگەر پۆستەكە لە بنەڕەتدا بوونی هەبووبێت لە پەیكەری ڕێكخستنی (الهیكل التنڤیمی) فەرمانگەكەدا و جێگیر كرابێت و پێشتر لەلایەن وەزارەتەكەمانەوە پەسند كرابێت، تەنیا گۆڕانكاری لە كەسەكاندا كرابێت (واتە فەرمانبەرێك لە شوێنی فەرمانبەرێكی تر لەو پۆستەدا دەستبەكار بێت)، ئەوا دەرماڵەی پایەی بۆ دەبەسترێت و خەرج دەكرێت.

2-پێكهاتە و پۆستە نوێیەكان (دەرماڵەی پایەیان بۆ خەرج ناكرێت): هەر (بەڕێوەبەرایەتییەك، بەش، یان هۆبەیەك) كە پێكهاتەیەكی نوێ بێت و ڕەزامەندی هێنانە كایەی لە دوای دەرچوونی گشتاندنی ژمارە (3)ی ساڵی (2025) درابێت كە هاوپێچە لەگەڵ ئەم پۆستە، ئەوا دەرماڵەی پایەی بۆ نابەسترێت و خەرج ناكرێت، چونكە بە (دەرماڵەی نوێ) هەژمار دەكرێت.

دەرماڵەی پایە لە دامەزراوەكانی بە گشتی بەم جۆرەیە
1-  دەرماڵەی لێپرسراوی هۆبە بە ڕێژەی (15%)ی مووچەی بنەڕەتی مانگانەیە.
٢. دەرماڵەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەكان بە ڕێژەی (25%)ی مووچەی بنەڕەتی مانگانەیە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لەم مانگە كە بۆ فەرمانبەران بەستراوە، هەزاران فەرمانبەر كە بوونەتە بەڕێوەبەری ژوور و هۆبەكان، مووچەیان زیاد دەبێت كە ساڵێكە وەستاوە.



وشە - رامیار جەواد