بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە، یەكێك لە بڕگەكانی كۆبوونەوەكە بۆ داشكانە لەسەر قەرزە كەڵەكەبووەكانی هاووڵاتییان لەبارەی كارەباوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 22ـی تەمووز، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا سێ بڕگەی سەرەكی گفتوگۆ دەكرێن.
لە بڕگەی یەكەمدا، لەسەر پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ، بڕیار لەبارەی درێژكردنەوەی ماوەی كاركردن بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە لێخۆشبوونی سزای سەرپێچیی هاتوچۆ دەدرێت.
لە بڕگەی دووەمدا، ڕاپۆرتێك لەبارەی بارودۆخی كارەبا و سووتەمەنی لە هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی هەردوو وەزارەتی (كارەبا و سامانە سروشتییەكان) لەمبارەیەوە دەخرێتە ڕوو. هەروەها لەبارەی پێشنیاری داشكاندنی ڕێژەیەك لە پارەی كەڵەكەبووی كارەبای هاووڵاتییان بڕیار دەدرێت.
لە بڕگەی سێیەمدا، گفتوگۆ لەسەر چەند ڕاسپاردەیەكی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، تایبەت بە ڕێكخستنەوەی مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكرێت، كە پێشتر بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ڕێكخراوە.