ئەمڕۆ چوارشەم 22ی تەمووزی 2026، لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد، لە نێویاندا داشکاندنی 50%ی قەرزی کارەبای ماڵان و کشتوکاڵ، لێخۆشبوونی 20%ی سزای هاتوچۆ تا کۆتایی ساڵ، هەروەها ڕاسپاردنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین و ڕێکخستنەوەی مۆڵەتی بێمووچەی فەرمانبەران. هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان بە توندی شەرمەزار کران.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران بە توندترین شێوە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی سەرکۆنە و شەرمەزار کرد و دووپاتی کردەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە نەک تەنیا ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستانە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئارامیی تەواوی ناوچەکە. ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لە شەڕ و گرژییەکانی ناوچەکە و هەمیشە هەوڵی داوە وەک فاکتەرێکی ئاشتی، ئارامی و سەقامگیری بمێنێتەوە، بۆیە داوای کۆتاییهاتنی ئەو هێرشانەی کرد.
لە بڕگەیەکی کۆبوونەوەکەدا، لەسەر پێشنیاری وەزیری ناوخۆ، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاری دا بە درێژکردنەوەی لێخۆشبوون لە ڕێژەی 20%ی سزاکانی هاتوچۆ لە ڕێکەوتی یەکی تەمووزی 2026 تا 31ی کانوونی یەکەمی 2026، ئەمەش بەمەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ هاووڵاتییان و ئاسانکاری بۆ پاکتاوکردنی ئەو پارانەی لە ئەستۆیانە.
پاشان وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت ڕاپۆرتێکی لەسەر بارودۆخی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو و ئاماژەی بە هەنگاوەکانی وەزارەتەکەی دا بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان. ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد کە هەموو ڕێکارێکی پێویست بگرنەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و ڕێگریکردن لە هەر هۆکارێک کە ببێتە بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان. هەروەها لایەنە پێوەندیدارەکانیشی ڕاسپارد چاودێریی وردی بازاڕ و بەنزینخانەکان بکەن بۆ پابەندبوون بە نرخە دیاریکراوەکان و پاراستنی کوالیتیی بەنزین.
دواتر، لەسەر پێشنیاری وەزیری کارەبا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە داشکاندنی بەشێک لە قەرزی کەڵەکەبووی کارەبا. بەپێی بڕیارەکە، ڕێژەی 50% داشکاندن بۆ قەرزی هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی دەکرێت، هەروەها ڕێژەی 25% داشکاندن بۆ قەرزی هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و کەرتی گشتی دەدرێت. دووپات کرایەوە کە ئەم داشکاندنە تەنیا قەرزە کۆنەکانی پێش دەستپێکردنی پڕۆژەی "ڕووناکی" دەگرێتەوە و پارەی مانگانەی پڕۆژەکە ناگرێتەوە، کە پێویستە لە کاتی خۆیدا بدرێت. بڕیاریشە لە ماوەیەکی نزیکدا وەزارەتی کارەبا ڕێنوێنی و میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکە بڵاو بکاتەوە.
لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەکەدا، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیار درا بە ڕێکخستنەوەی مۆڵەتی بێمووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژەی ڕاسپارد کە لەسەر بنەمای ئەم بڕیارە و بە لەبەرچاوگرتنی یاسای نوێی خانەنشینی، ڕێنوێنیی پێویست دەربکەن.