پێدانی بەنزین لەلایەن بەغداوە راست نییە

:: PM:01:33:23/07/2026 ‌
لەلایەن چەند پەرلەمانتارێكەوە دەنگۆیەك بڵاو كراوەتەوە، گوایە بەغدا ئامادەیی پێشان داوە بەنزین بە نرخی 450 دینار بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بدات، بەڵام ئەوە راستییەكی تێدا نییە و تەنیا گەرمكردنی بازاڕی خۆیانە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ـی تەمووز، سەرچاوەیەكی باڵا بە "وشە"ـی راگەیاند، وەزارەتی نەوتی عێراق، بەڵێنی بەهیچ پەرلەمانتار و كەسێك نەداوە كە بەنزین بە 450 دینار بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكات.

ئەو سەرچاوەیە گوتی، كاری لەم شێوەیە بكرێت پێویستی بە هاوئاهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە لەسەر ئاستی حكوومەت، چەند جارێكیش هەرێمی كوردستان داوای كردووە، بەڵام عێراق ئامادەیی نییە بەهۆی زۆریی ئەو بڕە پارەیەی ئێستە خۆی بۆ بەنزینی پاڵپشتیكراو دابینی دەكات.

باسی لەوەش كرد، چەند پەرلەمانتارێك چوونەتە لای بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق و ئەو بابەتەیان باس كردووە، تەنانەت وەزیری نەوتی عێراقیشیان نەبینیوە، هەروەها بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراقیش هیچ بەڵێنێكی لەم شێوەیەی پێ نەداون، نازانین كێ‌ ئەو بەڵێنەی پێداون و لە كوێیان وەرگرتووە؟ با بۆ خەڵكی ئاشكرای بكەن.

ئەوە لە كاتێكدایە چەند ڕۆژێكە چەند پەرلەمانتارێك دەنگۆی جۆراوجۆر بڵاو دەكەنەوە، بەبێ‌ ئەوەی هیچ شتێكی فەرمی هەبێت.




وشە - رامیار جەواد