بەشێك لە جووتسایدی چوارقوڕنە- دوكان تەواو بوو

:: PM:07:54:23/07/2026 ‌
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن رای دەگەیەنێت، كاركردن لە پڕۆژەی ڕێگەی دووسایدی دوكان - چوارقوڕنە بە چڕی بەردەوامە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو 11 كیلۆمەتری دیكەی رێگەكە بە رووی شۆفێراندا بكرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ـی تەمووز، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، لە چوارچێوەی قۆناخەكانی دووەم و سێیەمی پڕۆژەی دووسایدی دووكان - چوارقوڕنە، كارەكانی11 كیلۆمەتر لە ڕێگەكە تا ناوچەی "كانی وەتمان" تەواو بووە. لە ئێستەشدا تەنیا بڕگەكانی هێڵكاری و هەندێك كاری وردی تەكنیكی ماون، كە بڕیارە تا هەفتەی داهاتوو كۆتاییان بێت و بە فەرمی بخرێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.

پێشتر دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە بەسەركردنەوەیەكی مەیدانیدا بۆ پڕۆژەكە رای گەیاندبوو، هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە پێش وادەی دیاریكراوی خۆی پڕۆژەكە تەواو بكرێت، چونكە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی هەرێمی كوردستان و گرنگییەكی زۆری بۆ كەرتی گواستنەوە هەیە.

زانیاری دەربارەی پڕۆژەكە:

درێژایی گشتی: 36.5 كیلۆمەتر.

تێچووی پڕۆژە: زیاتر لە 243 ملیار دینار.

دۆخی ئێستە: كاركردن لە تەواوی بڕگەكانی تری پڕۆژەكە بە شێوەیەكی چڕ بەردەوامە.

ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كەمكردنەوەی جەنجاڵی و رووداوەكانی هاتوچۆ لە نێوان پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین.



وشە - رامیار جەواد