دەسكەوتێكی نوێ بۆ كارمەندانی گرێبەستی حكوومی لە كەرتی تایبەت

:: PM:08:30:23/07/2026 ‌
بەپێی نوسراوەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی/بەشی پشكنین و بەشدارییەكان، بابەتی دۆخی دەستەبەری و تەوقیفاتی خانەنشینیی ئەو كارمەندە گرێبەستە حكومییانەی لە كەرتی تایبەت كار دەكەن، بە شێوەیەكی فەرمی و یاسایی چارەسەر كراوە.

بەرێوەبەرایەتی گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بڵاوی كردووەتەوە، دوای نوسراوی ژمارە (4940) كە ئاراستەی وەزارەتی دارایی/بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوان/بەشی دیراسات و لێكۆڵینەوە كراوە، وەڵامی وەزارەتی دارایی بە نوسراوی ژمارە (5270) دەرچووە و دووپات لەوە كراوەتەوە كە دۆخی ئەم كارمەندانە دەبێت بەپێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كرێكاران ژمارە (39)ی ساڵی 1971ی هەمواركراو ڕێكبخرێت. لەدوای ئەوەش، گشتاندنی ژمارە (6658) بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان نێردراوە بۆ جێبەجێكردنی كاری پێویست.

گرنگترین دەستكەوتی ئەم ڕێكارە ئەوەیە كە كارمەندانی گرێبەستی حكوومی كە لە كەرتی تایبەت كار دەكەن و لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی تۆمار و دەستەبەر كراون، دەتوانن خزمەتی دەستەبەریی خۆیان بۆ میلاكی گشتی بگوازنەوە و لە كاتی خانەنشین بووندا ناچار نەبن بە شێوەی كۆبووەوە (متراكم) تەوقیفاتی خانەنشینیی ساڵانی پێشوو بدەن، بەڵكو لە ماوەی كاركردنیان لە كەرتی تایبەت، بە پێی یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی، بەشداری و تەوقیفاتی دەستەبەری بە شێوەی مانگانە ئەنجام دەدرێت و خزمەتەكەیان بە شێوەی یاسایی دەپارێزرێت، هەروەها ڕێژەی بەشداریەكان لەدەستەبەری كۆمەڵایەتی تەنیا 5٪ لەسەر كرێكارەكە لەكاتێك دا لە میلاكی گشتی بریتی یە لە 10٪.

ئەم هەنگاوە بە دەستكەوتێكی گرنگە بۆ پاراستنی مافی خانەنشینی كرێكاران و كەمكردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر كارمەندانی گرێبەستی حكومی ئەوانەی لە كەرتی تایبەتی كار دەكەن.



وشە - رامیار جەواد