لاهوور شێخ جەنگی: ئامادەم بۆ دادگایی

:: PM:08:50:23/07/2026 ‌
لاهوور تاڵەبانی لە ڕێگەی تیمی پارێزەرانیەوە داوا لە هەر چوار سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان دەكات، كەیسی دادگاییكردنی لە دەستوەردانی حزبی دوور بخرێتەوە و ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ـی تەمووز، دانا تەقیەدین تیمی بەرگریی لاهور تاڵەبانی و گیراوانی لالەزار، ڕای گەیاند، لاهوور تاڵەبانی پاش بینینی كەسوكارەكەی لە زیندان، پەیامێكی ئاراستەی سەرۆكایەتیی هەرێم، سەرۆكایەتیی حكوومەت، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی دادوەری و داواكاری گشتی كردووە.

دانا تەقیەدین دەڵێت، لە پەیامەكەدا لاهوور تاڵەبانی دووپات دەكاتەوە كە ئامادەیە لەبەردەم هەر دادگایەك لە هەر شوێنێكی كوردستان بێت ئامادە بێت، بە مەرجێك دادگاییەكە دوور بێت لە دەستی حزب و تەنیا یاسا سەروەر بێت 

لاهور تاڵەبانی بە كەسوكارەكەی گوتووە، بەهۆی ئەم كەیسەوە دادگای تەمیز تووشی ئیفلیجی بووە و ئیشوكاری هاووڵاتییان پەك خراوە، بۆیە داوا دەكەن دادگا زوو سەروەریی خۆی جێبەجێ بكات.

لە كۆتاییدا وتەبێژی تیمی بەرگریی لاهور تاڵەبانی و گیراوانی لالەزار داوای كرد یاسا بە بێ جیاوازی بەسەر هەموو تاكێكی كۆمەڵگەدا جێبەجێ بكرێت.




وشە - رامیار جەواد