سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەخێرهاتنی كونسوڵی گشتیی نوێی كۆریای باشوور دەكات

:: AM:11:46:26/07/2026 ‌
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە كونسوڵی نوێی كۆریای باشوور كرد، لە دیدارەكەیدا پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە كونسوڵی گشتیی نوێی كۆریا كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەركەكەیدا بۆ خواست.

ئەمڕۆ یەكشەم 27ـی ئایار، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە بۆنەی دەستبەكاربوونی و بۆ خۆناساندن، پێشوازیی لە ئیون گیوو شیم كونسوڵی گشتیی نوێی كۆماری كۆریای باشوور لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە دیدارێكدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە كونسوڵی گشتیی نوێی كۆریا كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەركەكەیدا بۆ خواست؛ هەروەها ئامادەیی تەواوی لایەنە پێوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ هاوكاری و ئاسانكاری لە پێناو سەرخستنی ئەركەكەی دەربڕی.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان وێڕای دووپاتكردنەوەی سوپاس و پێزانین بۆ هاوكارییەكانی كۆریای باشوور، دووپاتی لەسەر خواستی هەرێمی كوردستان بۆ بەهێزكردنی پێوەندییەكان لەگەڵ كۆریا و فراوانكردنی ئاسۆكانی هاوكاریی هاوبەش لە سەرجەم كایەكاندا كردەوە.

لای خۆیەوە ئیون گیوو شیم وێڕای ستایشكردنی ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە بەرەوپێشبردنی پێوەندییەكانی هەردوولا، خۆشحاڵیی خۆی بۆ دەستپێكردنی ئەركەكەی لە هەرێمی كوردستان دەربڕی و دووپاتی لەسەر بەردەوامیی هەوڵەكانی بۆ برەودانی زیاتر بە پێوەندییەكان كردەوە.


وشە - رامیار جەواد