گوتەبێژی حكووومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، كێشەی بەنزین بەخێرایی چارەسەر دەبێت و سەرقاڵی دروستكردنی ئەپڵیكەیشنێكین، تێیدا بەشی هاووڵاتییان لە بەنزین و گازی ماڵان دیاری دەكرێت
ئەمڕۆ یەكشەم 26ـی تەمووز، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە كوردستان24ـی راگەیاند، كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوە بۆ پرسی بەنزین دەكرێت. گوتیشی، هۆكارێكی گرانبوونی نرخی بەنزین، ئاڵۆزییەكانی ناوچەكەیە. دووپاتیشی كردەوە، بەمزووانە كێشەی بەنزین چارەسەر دەكرێت.
باسی لەوەش كرد، سەرقاڵی دروستكردنی ئەپڵیكەیشنێكین، تێیدا بەشی هاووڵاتییان لە بەنزین و گازی ماڵان دیاری دەكرێت بۆ ئەوەی كەس قوڕخكاری نەكات و هەموو كەسێك بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بەشی خۆی وەربگرێت.
هەورامانی ئاماژەی بەوەش دا، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی پرسی بەنزین لەسەر هێڵە و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپاردووە بە زووترین كات كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكە بكەن.