پارتی و یەكێتی كۆبوونەوە

:: PM:12:46:26/07/2026 ‌
شاندێكی یەكێتی لە ئاستی مەڵبەند، سەردانی مەكتەبی رێكخستنی هەولێری پارتییان كرد، پشتیوان سادق رای گەیاند، لە رێگەی گفتوگۆوە كێشەكانیان چارەسەر دەكەن.

ئەمڕۆ 26ـی تەمووز، شاندێكی مەڵبەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە سەرۆكایەتیی رێباز بێركۆتی بەرپرسی مەڵبەندی سێی هەولێر و ئەندامی سەركردایەتیی حزبەكە، سەردانی مەكتەبی رێكخستنی هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد، لەلایەن پشتیوان سادق بەرپرسی مەكتەبەكەوە پێشوازییان لێ كرا و كۆبوونەوە.

دوای كۆبوونەوەكە و لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا، پشتیوان سادق گوتی: "لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێوەندیی قووڵ و مێژووییمان هەیە و بەردەوام دەبێ. لە هەندێك قۆناغدا كێشە و ناكۆكی هەبووە، بەڵام لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر كراون و دەتوانین پێكەوە هەنگاوەكانی داهاتووش ببڕین".

لەبارەی كۆبوونەوەی هەردوو حزبەكەوە لە ئاستی باڵا، پشتیوان سادق كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانە و ئەندامی شاندی دانوستاندكاری پارتیش بوو گوتی، كار كراوە بۆ كۆبوونەوەی ئاستی باڵاتر، بەڵام هیچ وادەیەك بۆ كۆبوونەوە دیاری نەكراوە.

رێباز بیركۆتی لە كۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەكەدا گوتی: "سەردانەكەمان بۆ تەبایی، برایەتی و یەكڕیزییە".

بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتی گوتی: "ئەگەر راگەیاندنەكان هاوكارمان بن، لەم ماوەیەدا كارەكان باش بەرەوپێشەوە دەڕۆن".

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەوە، مەڵبەندی سێی هەولێری یەكێتی لە راگەیەنراوێكدا گوتیان، لە كۆبوونەوەكەدا دووپات لە هاوئاهەنگی، برایەتی و پێكەوە كاركردن كرایەوە ".



وشە - سۆران عەزیز