لەلایەن دەستەی حەج و عومرەی كوردستان، ناوی دەرچووانی یەدەگ وەك دەرچووی ئەمساڵ بۆ حەج پەسند كران، ئەمەیش مانای وایە ئەمساڵ ئەوانە بەبێ تیروپشك دەچنە حەج.
ئەمڕۆ یەكشەم 26ـی تەمووز، كاروان ستوونی گوتەبێژی حەج و عومرەی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هەر هاووڵاتییەك كە ساڵی پار نامەی بۆ گەڕابێتەوە یان لە سیستم بە جێگرەوە ناوی هاتبێت، ئەوا بۆ ساڵی داهاتوو بە فەرمانی وەزیری ئەوقاف بە دەرچوو هەژمار كراون و پێویست ناكات جارێكی تر ناویان تۆمار بكەن.
زیاتر گوتی، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان و ئەو كەسانەی كە ساڵی پار ناویان بە جێگرەوە گەڕابووەوە بۆ حەج، بە فەرمانێكی وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی د. پشتیوان سادق، ناوی هەموویان وەك دەرچوو هەژمار دەكرێن و بۆ ساڵی 2027 بەشداریی پرۆسەی حەج دەكەن.
ئەوەیشی خستەڕوو، لە ماوەیەكی نزیكدا دەست بە مامەڵەی ئەو كەسانە دەكەین كە ناویان لە جێگرەوە یان یەدەگ هاتووەتەوە، بۆیە پێویست ناكات جارێكی تر سەرلەنوێ ناویان تۆمار بكەنەوە .