سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە سەرۆكی دەستەی دەستپاكی كرد، سەرۆكی حكوومەت وێڕای دووپاتكردنەوە لە پابەندبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە هەموو جۆرەكانیەوە، ئامادەیی حكوومەتیشی بۆ پێشكەشكردنی هەموو ئاسانكاری و هاوئاهەنگییەك پێشان دا.
ئەمڕۆ یەكشەم 26ـی تەمووز، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارەكەدا سەرۆكی دەستەی دەستپاكی، كورتەیەكی لەبارەی كار و چالاكییەكانی دەستەكەیان لە ماوەی ڕابردوودا خستەڕوو. لەمبارەیەوە دووپاتی لە گرنگیی بەهێزتركردنی هاوئاهەنگی و هاریكاریی نێوان دەزگا پێوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی بەهەدەردانی سامانی گشتیی كرا.
سەرۆكی حكوومەت وێڕای دووپاتكردنەوە لە پابەندبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە هەموو جۆرەكانیەوە، ئامادەیی حكوومەتیشی بۆ پێشكەشكردنی هەموو ئاسانكاریی و هاوئاهەنگییەك لەگەڵ دەستەی دەستپاكی لە پێناو درێژەدان بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دووپات كردەوە.