سەرۆك بارزانی: پێوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و فڕەنسا لە مێژینەیە

:: PM:04:04:26/07/2026 ‌
 سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە یان برێم كونسوڵی گشتیی فڕەنسا لە هەولێر كرد.

بارەگای بارزانی بڵاوی كردەوە، لە دیدارەكەدا كونسوڵی فڕەنسا كە بەبۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكەی و مالئاواییكردن سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەكانی سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند.

 هەروەها سوپاس و پێزانینی هەبوو بۆ خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە هەمیشە پاڵپشت و هاوكاری بوونە لە برەودان بە پێوەندییەكانی نێوان فڕەنسا و هەرێمی كوردستان. 

هەر لەو دیدارەدا باسی لەو هەوڵانە كرد كە لەماوەی كاركردنی لە هەرێمی كوردستان لە پێناو زیاتر پێشچوونی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و فڕەنسا لە هەموو بوارەكاندا داویەتی.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی ڕۆڵی بەرچاوی كونسوڵی گشتیی فڕەنسای كرد بۆ ئەو ڕۆڵەی هەیبووە لە ماوەی ئەركی خۆیدا لە هەرێمی كوردستان و دووپاتی لەوە كردەوە كە پێوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و فڕەنسا لە مێژینە و مێژووین، هەروەها هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركی نوێیدا.

بارودۆخی ناوچەكە و دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكان تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوون.



وشە - وشه‌