مەسروور بارزانی: ئێمە نوێنەری راستەقینەی خەڵكین

:: PM:02:17:27/07/2026 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجام دا، سەرۆكی حكوومەت گوتی، لەو كێشە و ئەزمانەی كە ئێستە لە ناوچەكەدا هەن، ئێمە نوێنەری راستەقینەی خەڵكین و زیاتر لە هەموو كەسێك پەرۆشی ژیانی ئەو خەڵكەین.

دەقی قسەكانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران:

رۆژتان باش. پێم خۆش بوو ئەمڕۆ لەگەڵتان باسی چەند خاڵێك بكەین كە گرنگن بۆ ئەمڕۆی كوردستان و بەتایبەتی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان. بەشێكی كێشەكان لە هەموو ناوچەكەیە، هەروەك خۆشتان دەزانن گرژی و شەڕ و پێكدادان لەم ناوچەیەدا تاكو ئێستا بەرەو كۆتایی نەچووە. ئەمە قەلەق و دڵەڕاوكێی لە هەموو ناوچەكە دروست كردووە و كێشە و ئاسەوارەكانیشی هەموو ناوچەكانی گرتووەتەوە. بێگومان ئێمەش بێبەش نین لەو مۆزوعە، بەڵام هەڵوێستی هەرێمی كوردستان زۆر دیار و ڕوونە. ئێمە لەگەڵ چارەسەری ئاشتیانەی هەموو كێشەكانین. لەگەڵ ئەوە نین شەڕ و توندوتیژی لە ناوچەكەدا بەردەوام بێت. و بێگومان هەرێمی كوردستانیش بەشێك نییە لە هیچ شەڕێك و لە هیچ توندوتیژییەك. و دەمانەوێ كێشەكان بە شێوەیەكی ئاشتیانە لە ناوچەكە چارەسەر بكرێن.

 دەزانین ئەمە كاریگەریشی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان كردووە. بۆیە من دەمەوێ هەر لە ئێرەوە سوپاسی خۆڕاگری و هەڵوێستی خەڵكی كوردستان بكەم كە هەمیشە لە بارودۆخی وەزعەكە تێدەگەن و پشتیوانی بەردەوامی حكومەتی هەرێمیش بوون و دڵفراوان بوون. دەزانن كە حكوومەتی هەرێم حكوومەتی خۆیانە و هەرچی پێمان بكرێت بۆ بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان درێخی ناكەین. لەو كێشە و ئەزمانەی كە ئێستا لە ناوچەكەشدا هەن، ئێمە نوێنەری راستەقینەی خەڵكین و زیاتر لە هەموو كەسێك پەرۆشی ژیانی ئەو خەڵكەین. من سوپاسی خەڵكەكە دەكەم و دەزانم كە ژیانێكی تۆزێك دژوارتر و ناخۆشتر ئێستا هەیە. هەم نرخەكان بەرز بوونەتەوە، چەندین كێشە و قەیران ناوچەكەی گرتووەتەوە كە هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كە بەو قەیرانەدا تێدەپەڕێت. بەڵام خەڵكی ئێمە دەبێ دڵنیا بێت كە ئێمە قەیرانی زۆر گەورەتریشمان تێپەڕاندووە، ئەمەش تێدەپەڕێت. وە من زۆر زۆر دڵنیام ئایندەیەكی رووناكتر و خۆشتر چاوەڕێی خەڵكی ئێمە دەكات. بۆیە من حەز دەكەم خەڵكی ئێمە بە هیچ جۆرێك تووشی دڵەڕاوكێ نەبن، قەلەق نەبن و ئەم وەزعەش ئینشائەڵڵا بەرەو چارەسەر دەڕوات.

لە پەیوەندیی خۆمان لەگەڵ حكوومەتی بەغدا، من دەمەوێ جارێكی تر دووپاتی بكەمەوە كە ئێمە پشتیوانی حكومەتی ئێستای بەغدا بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیران بەڕێز عەلی زەیدی دەكەین و بەشدارییەكی كارای ئەو حكوومەتەمان كردووە و بەردەوام دەبین لە پشتیوانیكردنی سیاسەتی ریفۆرم و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بۆ باشتركردنی وەزعی ئابووری لە عێراق. كە بەداخەوە دیسان عێراقیش وەكو هەموو وڵاتانی تری ناوچەكە بە قەیرانێكی ئابووریی توند و گەورەدا تێدەپەڕێت لەبەر بەستنی گەرووی هورمز، كە زۆربەی هەناردەكردنی نەوتی ناوچەكە و نەوتی عێراقیش زیاتر بەو ناوچەیەدا دەڕوات. ئەمە قەیرانێكی ئابووری لە هەموو ناوچەكەدا دروست كردووە، بەڵام ئێمە ئامادەین بە هەموو جۆرێك یارمەتیی حكوومەتی فیدراڵی بدەین، یارمەتیی بەڕێز عەلی زەیدی بدەین و ئەوەی هەرێمی كوردستان بەشێكی كارای چارەسەری ئەو قەیرانانە بێت كە ئێستا هەیە. وە دیسانیش دووپاتی دەكەمەوە ئێمە پشتیوانی بەڕێزیان دەبین و هیوادارین ئەو كێشانەی كە تاكو ئێستاش ماون و چارەسەر نەكراون ئەوانەش بەرەو چارەسەری بڕۆن. 

هەوڵی جددیمان هەیە لە بابەتی چارەسەركردنی بازرگانی و كێشەی ئەسیكۆدا، كە تاكو ئێستا هێشتا ماوە بەڵام چارەسەرییەكان خەریكن بەرەو ئەنجام دەگەن ئینشائەڵڵا. ئەمە یارمەتییەكی زۆری بازرگانی لە هەرێمی كوردستان دەدات و یارمەتیی زیادكردنی داهات لە هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق دەدات. هیوادارین ئەمەش بە ماوەیەكی زوو ئینشائەڵڵا بەرەو چارەسەری كۆتایی بڕوات.

بابەتی مووچەكانیش هەروەك خۆتان دەزانن، ئێمە بەردەوام بووین لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی بۆ دابینكردنی مووچەكان لە كاتی خۆی. هەرچەندە لەسەر بڕیارێكی پێشووتر، 120 ملیار دینار لەسەر هەرێمی كوردستان فەرز كراوە كە دەبێ حكوومەتی هەرێم ئەو بڕە پارەیە دابین بكات. كاتێك كە داهاتی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان بەشی ئەوە بكات ئێمە هەمیشە پابەندی ئەوە بووین كە ئیلتیزاماتەكانی خۆمان جێبەجێ بكەین، بەڵام لە كاتێكدا كە بازرگانی نەمێنێت یان كە داهات لە هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق كەم بكات، بێگومان ئەمە كاریگەری لەسەر داهاتی هەرێمی كوردستان دەكات و ئەو پابەندییەش وای كردووە كە حكوومەتی فیدراڵی پێویستە پێداچوونەوەیەك بەو بڕیارەی پێشووتر بدات بۆ ئەوەی هەردوولامان بتوانین یارمەتی یەكتر بدەین. چارەسەری ئێمە ئەمەیە كە داهاتەكان زیاد بكرێن بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێم بتوانێت نەك تەنیا لە 120 ملیار بەڵكو زیاتریش یارمەتی حكوومەتی فیدراڵی بدات؛ بەڵام ئەمە هاوكاریی دوولایەنەی پێویستە. دەبێ ڕێژەی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان زیاد بكرێت، دەبێ داهات لە هەرێمی كوردستان زیاتر بكرێت بۆ ئەوەی ئێمەش زیاتر بتوانین یارمەتی حكوومەتی فیدراڵی بدەین.

لە هەموو بوارەكانی تر ئێمە خەریكین هەماهەنگییەكی زیاترمان ئێستا لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی هەیە لە ڕووی ئەمنییەوە، لە ڕووی سیاسییەوە. ئێستا كێشەكان لە خوا بەزیاد بێت، لە كەمبوونەوەدان بەرەو نەمان دەڕۆن و هیوادارین ئەو پەیوەندییە زیاتر بۆ داهاتووش هەنگاوی باشتر بۆ هاوێژین و زیاتر بتوانین یارمەتی یەكتر بدەین. ئێمە رازین لەو پەیوەندییەی كە هەیە و خۆشحاڵین لەوەی كە پەیوەندیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی ئێستا لە ئاستێكی زۆر باشدایە.

لەسەر وەزعی ناوخۆش خۆتان دەزانن، ئەمە نزیكەی 20 مانگە ئێمە هەڵبژاردنمان كردووە؛ بەڵام تاكو ئێستا بەداخەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێك نەهاتووە. حكوومەت، حكوومەتی خەڵكە. پەرلەمانیش، پەرلەمانی خەڵكە. پێمان وایە كاراكردنەوەی پەرلەمان، دروستكردنی حكومەت، پێش هەموو كەسێك لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندایە. بەڵام بەرپرسیارێتییە گەورەكە دەكەوێتە سەر ئەو لایەنە سیاسییانەی كە وەكو نوێنەری خەڵك دەنگی خەڵكیان هەیە، و بۆیەش من جارێكی تر داوا دەكەم، هەر لە رۆژی یەكەمیشەوە لەگەڵ ئەوە بووم كە پەرلەمان زوو دەست بە كارەكانی خۆی بكات، حكوومەتێك پێكبێت كە رەنگدانەوەی هەست و خواستی خەڵكی كوردستانی تێدا بەرجەستە بكرێت. ئێستاش ئێمە دیسان دووپاتی دەكەینەوە كە پێویستە پەرلەمان كارا بكرێتەوە، و حكوومەتیش پێك بێت. ئەم حكوومەتە لە بەرژەوەندی خەڵك دەبێت. خەڵك چاوەڕێی ئەوە دەكات كە حكوومەت حكومەتێكی خزمەتگوزاری سەرانسەری بێت. لە هەموو كوردستان بە بێ فرق و جیاوازی بتوانێت بەردەوام بێ بە ئیشوكاری خۆی بدات. بۆیە من داوام ئاراستەی هەموو لایەنە سیاسییەكانی بەرپرس دەكەم كە خۆیان بە بەرپرس و خەمخۆری خەڵكی كوردستان دەزانن بێنە پێشەوە، و ئێمە بەیەكەوە بتوانین هەم پەرلەمان كارا بكەینەوە، هەم حكوومەتێكیش پێك بینین كە لە ئاست چاوەڕوانیی خەڵكی كوردستاندا بێت.

لەم ماوەیە دیسان خۆشتان دەزانن هەندێك قەیران هەن كە پێویستە باسی بكەم. یەكێك لەوانە بابەتی كارەبایە. كە ئێمە پێشتریش بەڵێنی ئەوەمان بە خەڵكی كوردستان دابوو و بەردەوامین لەسەر ئەو بەڵێنە، كە كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هەموو خەڵكی كوردستان دابین بكەین. پڕۆژەكە بە شێوەیەكی زۆر ڕێكوپێك و باش بەڕێوە چوو و بەڕێوە دەچێت. لێرە كێشەیەك هەیە لەسەر دابینكردنی گاز، كە سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی كارەبایە بۆ هەموو كوردستان. رێژەی گازی ئێمە زیاتر بە هۆی كۆمپانیای داناگازەوە لە كۆرمۆرەوە دابین دەكرێ. كە لەم ماوەیە بە هۆی هەندێ مەترسی ئەمنی، كۆمپانیا یەكلایەنە بڕیاری كەمكردنەوەی ئینتاجی غازی دەركرد. كە ئەمە رێژەیەكی یەكجار زۆری لە گاز لە هەرێمی كوردستان كەم كردووەتەوە كە ئەمە بێگومان كاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی كارەبا بوو. كەواتە پڕۆژەكە خۆی هیچ عەیبێكی نییە، تەنیا دابینكردنی كارەبا بە هۆی نەبوونی گازەوە كێشەیەكی تێكەوتووە كە من هیوادارم ئەمەش، هەرچەندە ئێمە هەوڵێكی جددیمان لەگەڵ كۆمپانیای داناگاز داوە، لەگەڵ لایەنەكانی تر كە گازمان بۆ دابین دەكەن بەڵام بە ڕێژەیەكی كەمتر، ئەو ئەزمەیە، ئەو قەیرانەش بەرەو چارەسەری بڕوات. ئینشائەڵڵا چاوەڕێ دەكەین لەم رۆژانەی داهاتوو ئەمەش بەرەو چارەسەری بڕوات. هەم بەرهەمهێنانی گازمان زیاتر ببێت، كە ئەمە وا دەكات كارەبامان زیاتر بێت، و كۆندێنسەیت-یش زیاتر دەبێت كە ئەمە جارێكی تر كاریگەری دەبێتەوە لەسەر بەرهەمهێنانی بەنزین و سووتەمەنییەكان بۆ خەڵكی كوردستان.

 بۆیە لەسەر ئەوەش من دەمەوێ دڵنیاتان بكەمەوە، حكوومەت بەردەوامە لەوەی كە پارێزگاری لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكات. لەگەڵ كۆمپانیاكانیش قسە دەكەین. دەزانم هەموو كۆمپانیایەك خاوەن مافە، هەموو بازرگانێك خاوەن مافە، هەموو خاوەنكارێك خاوەن مافە، بەڵام خەڵكی كوردستانیش خاوەن مافە. ئێمە نامانەوێ مافی هیچ كەسێك بخورێت، بەڵام هیچ كەسێكیش نابێت لەسەر حیسابی مافی كەسێكی تر نامەسئولانە یان نابەرپرسانە رەفتار بكات. بۆیە ئێمە وەكو حكوومەت، پارێزەری مافی هەموو خەڵكی كوردستانین. من دەمەوێ لەوە خەڵك دڵنیا بێت، ئێمە زیاتر لە هەموو كەسێك بەرگری لە مافی خەڵكی كوردستان دەكەین.

بۆ بابەتی بەنزین و سووتەمەنیش، هەروەك بیستان، لەم ماوەیە نرخی بەنزین زیاد كرا. سووتەمەنی زیاد بوو. ئەمە بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شەڕ و گرژییەی كە لە ناوچەكەدا هەیە، كە نرخی نەوتی جیهانی بەرز بووەتەوە، بێگومان ئەمە كاریگەری لەسەر نرخی نەوت لە ناوخۆش دەكات. كولفەی دەرهێنان وەكو خۆی ماوەتەوە، یەعنی كولفە كەم نابێ... ئێمە لەوەدا دواتر من زیاتر قسەی لەسەر دەكەم. بەڵام دڵنیا بن لەو ئەزمە و قەیرانەی كە ناوچەكەی گرتووەتەوە، بەشێكی زۆری كاریگەری لەسەر هەموو عێراق و هەرێمی كوردستانیش كردووە.

نرخی سووتەمەنی كە زیاد دەكرێ، هاووڵاتی داوای نزمكردنەوەی نرخەكان دەكات. ئێمە هەوڵمان داوە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كار بكەین ئەمڕۆش كۆبوونەوەیەكی تێروتەسەلمان هەبوو لەسەر ئەوەی كە بزانین باشترین نرخ بۆ هاووڵاتی چەندە كە واقیعی بێت لەگەڵ دەرهێنانی نەوت، كولفەی نەوت كە هەیە. لێرە قسەی زۆر دەكرێ، خەڵكێكی زۆر قسە دەكات بە بێ ئەوەی داتاكانی لای بێت. من حەز دەكەم زۆر بە ڕوونی هەندێ خاڵ بخەمە روو بۆ ئەوەی بۆ خەڵكی كوردستانیش دیار بێت. 

لە هەرێمی كوردستان كولفەی دەرهێنانی نەوت لەسەر كۆمپانیاكانە. 

حكوومەتی فیدراڵی بە ملیارات دۆلار لە نەفەقاتی سیادی بۆ كولفەی نەوت تەرخان دەكات. بەڵام بەداخەوە هەرێمی كوردستان سوودمەند نییە لە هیچ یەكەك لەو كولفەی كە حكوومەتی فیدراڵی لە نەفەقاتی سیادی دابینی دەكات. كەواتە كولفەكان هەمووی دەخرێتەوە سەر شانی حكوومەتی هەرێم كە ئەویش ناچارە و پابەندە بەپێی كۆنتراكتەكان ئەو كولفەیە لەگەڵ كۆمپانیاكان كە ئەوان دەری دەهێنن، پابەند بێت بە دابینكردنی. بۆیە نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی كوردستان ئەوە نییە بڵێی زیاتر بێت لە عێراق، بەڵام عێراق حیسابی ناكات. بە پێچەوانەوە، بە سوبسیدی یان بە ملیارات دۆلار زەرەرمەند دەبێت بۆ ئەوەی كە سووتەمەنی دابین بكات.

ئێمە لە هەرێمی كوردستان داوامان كردووە، بەپێی نیسبە و رێژەی خۆمان لە دابینكردنی مەنتوجات بۆ ئیستهلاكی مەحەلی، ئێمەش ئەو نیسبەیەمان هەبێت. حكوومەتی عێراق ئێستا یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ سوودوەرگرتنی ناوخۆ بە هاووڵاتییان دەدات. بەپێی رێژە بێت، ئێمە ئەگەر 12.6 حیساب بكەین كە تاكو ئێستا حكوومەتی فیدراڵی لەسەر ئەو ڕێژەیە مامەڵەمان لەگەڵ دەكات، 126 هەزار و 700 بەرمیل نەوت بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت. كە ئەمە نیسبەیەكە خەڵكی كوردستان دەبێ ئەو ڕێژە سووتەمەنییەیان لەبەر دەست بێت؛ بەڵام بەداخەوە لە حكوومەتی پێشووتری لە بەغدا، ڕێژەیەك یان ژمارەیەكیان بەسەردا سەپاندین كە گوتیان تەنیا 50 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر ئێوە مافتان نییە و ناتوانن بۆ سوودی ناوخۆیی بەكاری بهێنن. 

ئەمە هیچ جۆرە دادپەروەرییەكی تێدا نییە. بۆیە ئێمە داوامان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كردووە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵیش ئێستا قسە دەكەین بۆ ئەوەی ئەم ڕێژەیە ڕاست بكرێتەوە. ئەم نادادپەروەرییە ڕاست بكرێتەوە كە پێشتر هەبووە. و ئومێدم وایە لەگەڵ ئەم حكوومەتە كە ئێستا پەیوەندیمان باشە، پێداچوونەوەیەك بەو نادادپەروەرییەدا بكرێ و مافی خەڵكی كوردستان چەندە هێندەی بۆ تەرخان بكرێ.

ئێمە 50 هەزار بەرمیل ئێستا لە هەرێمی كوردستان بۆ ناوخۆیی بەكار دەهێنین؛ بەڵام ئەو ڕێژەی تریش یا ئەوەیە ڕێگامان پێ بدرێ بەرهەمی ناوخۆیی بۆ سوودی ناوخۆیی زیاد بكرێ، یانیش حكوومەتی فیدراڵی ئەگەر هەندێ برادەران پێشنیازی ئەوەیان كردووە لە بەغدا ئەم ڕێژە دابین بكرێ، داوایان لێ دەكەین با ئەو 70 هەزار بەرمیلەی كە ماون لە لایەن حكوومەتی فیدراڵییەوە ئەگەر دەتوانن بۆمان بێنن و ئەمە بێگومان كاریگەرییەكی یەكجار زۆر دەكات لەسەر دابەزاندنی نرخ و دابینكردنی ئەو بەشە سووتەمەنییەی كە خەڵكی كوردستان ئێستا پێداویستییان پێیەتی. 

ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەیە كەمترە لەوەی كە خەڵك داوای دەكات. بۆیە پێشتر لە دەرەوە دەهێنرا؛ بەڵام ئێستا بە حووكمی ئەوەی كە نرخەكان زیاد بوون، ئەمە كاریگەری كردووەتە سەر نرخ لە هەرێمی كوردستانیش. 

هەوڵمان داوە خەڵكی كوردستان زیاتر لە هەموو كەسێك سوودمەند بێت و كەمترین زەرەر و زیانی بەركەوێت. بۆیە داوامان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كردووە پێداچوونەوە بە نرخەكان بكەن و نرخی حكوومەت بۆ بەنزینی نۆرماڵ بە ڕێژەیەكی دیاریكراو كە پێم وایە پێشتریش راگەیەندراوە 750 و كۆمێرشاڵەكە بە 850 زیاتر تێنەپەڕێت. بۆ بەنزینی موحەسەن و سوپەریش دیسان داوام لێیان كردووە كە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان قسەیان كردووە پێداچوونەوەیەك بكەن چونكە دیارە لە بازاڕ ئەو بەنزینە وەكو پێویست نییە. 

پێداچوونەوەی بكەن بۆ ئەوەی چارەسەرێكی گونجاوی ئەم كێشەیە بكرێت. بە هەر حاڵ ئەوەی من دەمەوێ بیڵێم ئێمە بەردەوامین، لەگەڵ خەڵكین، لەگەڵ ئازارەكانی خەڵكین، لەگەڵ داواكارییەكانی خەڵكین، و ئەوەی پێشمان بكرێت بۆ دابینكردنی مافەكانیان بەردەوام دەبین. چ لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی بێت، چ بە هەوڵ و جودی ناوخۆیی بێت. هەموو شتێك ئێمە دەكەین بۆ ئەوەی كێشەكە چارەسەر بكرێت.

بۆ وەزعی حكوومەت دیسان من دووبارەی دەكەمەوە، چارەسەری دەكەین بۆ ئەوەی هەموو ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن ئێستا كە، یەك هەڵوێستی یان یەكڕیزی یان تێگەیشتن و پێكەوە كاركردنی لایەنە سیاسییەكان لە هەموو كاتێكی تر زیاتر پێویستە. بۆیە بتوانین بەیەكەوە رووبەڕووی هەموو ئەو قەیرانانە ببینەوە و وەفاداریش بین بەرامبەر بەو بەڵێنەی كە بە خەڵكی كوردستانمان داوە. جارێكی تر سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم، ئەگەر پرسیاریشتان هەیە لە خزمەتتانم، فەرموون.



وشە - رامیار جەواد