سەرۆكی حكوومەت سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە چارەسەركردنی كێشەی كەمیی سووتەمەنی كرد و كۆمەڵێك بڕیار درا.
ئەمڕۆ دووشەم 27ـی تەمووز، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە چارەسەركردنی كێشەی كەمیی بەنزین و سووتەمەنی كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی حكوومەت، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاسپارد ، لە زووترین كاتدا چارەسەری ئەم بابەتە بكەن بە جۆرێك كە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە بەرچاو بگیرێت.
لە كۆبوونەوەكەدا ئەم بڕیارانە دران :
یەكەم؛ نرخی بەنزینی نۆرماڵی پاڵپشتیكراو لەلایەن حكوومەتەوە، بە هەمان نرخی ئێستە بەردەوام دەبێت، لەسەر ئەو بەنزینخانانە دابەش بكرێت كە پابەندن بە ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە مەبەستی كۆنترۆڵكردنی نرخ و جۆریی بەنزین.
دووەم ؛ پێداچوونەوە بە نرخی بەنزینی جۆری (سوپەر و موحەسەن) بكرێت كە گونجاو بێت لەگەڵ بازاڕی هەرێم و ڕێگریش بكرێت لە قازانجی ناڕەوا، هەروەها ئاسانكاریش بكرێت بۆ هێنانی ئەو مادە كیمیاییانەی كە بۆ دروستكردنی ئەو دوو جۆرە بەنزینە بەكار دەهێنرێن.
سێیەم ؛ داوا لە حكوومەتی فیدراڵ دەكەین ڕێژەی پێویستی نەوتی خاو بۆ هەرێمی كوردستان كە ئێستە 50 هەزار بەرمیلە، زیاد بكات بۆ 126.7 هەزار بەرمیل بە پێی ڕێژەی %12.67ی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان كە ئێستە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە دیاری كراوە.
چوارەم: ڕێگریی لە قۆرخكاری لە بواری سووتەمەنی و بەتایبەتی بەنزین بكرێت.