بە دەست پێ كردنەوەی بەرهەمهێنانی 100%ی غاز لە كۆرمۆر، پێدانی كارەبای 24 سەعاتی ئاسایی دەبێتەوە، جیا لەوەیش نرخی غازی ماڵان وەك پێشوو دادەبەزێت.
ئەمڕۆ دووشەم 27ی تەمووز، كۆمپانیای دانەگاز بەرهەمهێنانی غازی راگەیاند و دووپاتی كردەوە كە تا سبەی دەست بە بەرهەمێنان دەكەنەوە.
بە بەرهەمهێنانەوەی غاز، كارەبای 90%ـی خەڵكی كوردستان دەبێتەوە 24 سەعاتی، هاوكات بەرهەمهێنانی غازی شل (LPG) كە تایبەتە بە ماڵان و ئۆتۆمبێل بە توانای تەواوەتی دەست پێ دەكاتەوە، چونكە ئەم جۆرە غازە تایبەتە و تەنیا لە كێڵگەی كۆرمۆر بەرهەم دەهێنرێت.
جیا لەوە چەند رۆژی رابردوودا، لە هەندێك شوێن نرخی یەك بوتڵ غازی ماڵان /بازرگانی/ گەیشتە نزیكەی 20 هەزار دینار، هەروەها لیترێك غازی ئۆتۆمبێل لە 400 بۆ 500 دینارەوە بۆ 750 بۆ 900 دینار بەرزبووەوە، چاوەڕوان دەكرێت بەم هەنگاوە نوێیە، لە ڕۆژانی داهاتوودا نرخەكان لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان دابەزن و ئاسایی ببنەوە.