لە بەرانبەر كەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی داوای كەمكردنەوەی ئەو 120 ملیار دینارە دەكات كە بە مەرجی ناردنی مووچە لە عێراقەوە سەپێنراوە.
ئەمڕۆ دووشەم 27ی تەمووز، سەرچاوەیەكی ئاگەدار، بە "وشە"ی گوت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی داوای كەمكردنەوەی 120 ملیاری داهاتی ناوخۆی كردووە كە مانگانە بۆ ناردنی مووچە بۆ عێراقی دەنێرێ.
ڕوونیشی كردەوە كە هێشتا بەغدا وەڵامی داواكارییەكەی نەداوەتەوە، بەڵام تێگەیشتن هەیە بۆ ئەوەی بە هۆی ئەو دۆخەی دروست بووە داهاتی ناوخۆ لە عێراق و كوردستانیش كەمبووەتەوە.
هەر ئەمڕۆیش مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەگەر داهاتی ناوخۆ لە كوردستان بەرز بێت پێیان خۆشە زیاتر هاوكاری عێراق بكەن.
120 ملیار دینار
ئەو 120 ملیار دینارە لە حكوومەتی سوودانییەوە لەسەر كوردستان سەپێنراوە و كراوە بە مەرجی ناردنی مووچە، بەڵام چەند مانگێكە هەرێمی كوردستان ناتوانێ ئەو بڕە رەوانە بكات، لە بەرانبەردا وەزیری نوێی دارایی عێراق بە لە مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی دەبڕێت و ئەوەیش كێشەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست دروست كردووە.
ئەم مانگە چۆنە؟
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئەم مانگەیش هەرێمی كوردستان ناتوانێ 120 ملیار دینار وەك داهاتی ناوخۆ رەوانە بكات، هاوكات ئێستە بەهۆی نەبوونی سیولە وەك بەرپرسان دەڵێن، دابەشكردنی مووچە لە عێراقیش دواكەوتووە.
بەڵام بە قسەی سەرچاوەیەك، لە هەموو حاڵەتێكدا ئێستە ناردن و نەناردنی ئەو 120 ملیار دینارە كێشە نییە، چونكە عێراق ئەو كاتە بە لێبڕینەوە مووچە رەوانە دەكات.