ئەندامێكی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان رای گەیاند، عێراق وڵاتێكی سەیروسەمەرەیە و بە درێژایی مێژوو ئەنفال و كوشتن، ڕاگواستن و بێسەرشوێنكردنی میلەتێك بەڕێوە بردووە، ئێستەش برسیكردن و چەوساندنەوەی ئابووری، هیچ شتێك نەگۆڕاوە و هەمان عەقڵی شۆڤینی ماوە.
ئەمڕۆ شەموو 31ـی ئایار، خەدیجە عومەر ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، عێراق وڵاتێكی سەیروسەمەرەیە بەردەوام لە هەل دەگەڕێت، بۆ نموونە لیستی مووچە كەموكوڕیی تێدایە، ناوی چواریی فەرمانبەر زیاد بكەن، ناوی چواریی دایك زیاد بكەن، ناونیشان و شەقام و كۆڵانی بۆ زیاد بكەن، لیستی مووچە تەواوە و هیچ كێشەی نییە مووچە دێت، كەچی دەیان بیانووی تر.
روونی كردەوە، بە درێژایی مێژوو ئەنفال و كوشتن، ڕاگواستن و بێسەرشوێنكردنی میلەتێك بەڕێوە بردووە، ئێستەش برسیكردن و چەوساندنەوەی ئابووری، هیچ شتێك نەگۆڕاوە، تەنیا هەمان عەقڵی شۆڤینی ماوە.
باسی لەوەش كرد، نە دەستوور و دیموكراسی، نە یاسا و نە هیچ رێككەوتنێك ناتوانێت ئەم عەقڵە بگوڕێت.
زیاتر گوتی، ئێمەش مەحكوومین بە ژیان لەگەڵ ئەم عەقڵە و دەردی ناتەبایی و ململانێی ناوخۆیش، بەرمان نادات و باش دەزانین تەنیا رێگەی چارە یەكگرتنە و بەس، ئەی چاوەڕێی چین؟ دەبێت زیاتر چیمان بەسەر بێت تا بە هۆش خۆمان بێینەوە؟.