داكۆكی دەكەین پشكی هەرێم لە بودجە بكرێتە 14%

:: PM:06:47:12/03/2023 ‌

دواجار خەریكە پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ی عێراق رووناكی دەبینێت، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق باسی ئەوەی كرد كە ئامادەكردنی رەشنووسەكەی كۆتایی هاتووە و ئەگەری هەیە لەم هەفتەیە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسند بكرێت، د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە دیمانەیەكی "وشە"، وردەكاری زیاتر لەبارەی پشكی كورد و چارەنووسی 200 ملیار دیناری مانگانەی بۆ هەرێم دەهات، ئاشكرا دەكات.

*چەند مانگێكە باسی پەسندكردنی دەكرێت و هیچ دیار نییە، كەی بودجەی عێراق رووناكی دەبینێت؟

وەك پێشتر گوتمان چاوەڕوان دەكرێت لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاساكە پەسند بكات، ئەنجوومەنەكە سێشەمان كۆ دەبێتەوە، گرنگ ئەوەیە وەزارەتی دارایی ئامادەكردنی تەواو كردووە، ماوەتەوە ئەگەر بەیانی یان دوو بەیانی لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسند بكرێت، دوای ئەوە لە هەفتەی داهاتوو دەگاتە پەرلەمان، رەنگە لە پەرلەمانیش بەلایەنی كەم مانگێك بۆ مانگ و نیوێكی پێویست بێت بۆ تاوتوێكردنی و دوای ئەوە پەسندكردنی، پێم وایە بۆ دوای مانگی رەمەزان بودجە پەسند بكرێت.
رەنگە هاتنی 200 ملیار دینارەكە بەردەوامبێت، ئەوە دەكەوێتە سەر ئەو رێككەوتنەی هەرێم و بەغدا كردوویانە
*سەبارەت بە پشكی كورد لە بودجەی عێراق تا ئێستە چی كراوە؟

دیارە شاندی دانوستانكاری حكوومەتی هەرێم لە ماوەی رابردوودا چەند سەردانێكی بەغدایان كردووە، ئێمە وەك پەرلەمانتاران بەشداری ئەو كۆبوونەوانەمان نەكردووە كە شاندەكە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان ئەنجامیان داوە، بەڵام وەك ئەوەی لە هەواڵەكان و نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم بیستوومانە، وەك پشكی هەرێمی كوردستان لەسەر رێژەی 12.67% رێككەوتوون، لەوكاتەی بەپێی داتای وەزارەتی پلاندانانی عێراقی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان 14%یە، بۆیە نازانین بۆچی شاندی هەرێم بەو ژمارەیە رازی بووە، ئەگەرچی ئەو زانیارییانە تەنیا دەنگۆی هەواڵەكانە، چونكە تا ئێستە پڕۆژەكە نەگەیشتووەتە پەرلەمان تا لێی دڵنیابینەوە، ئەوەی هەیە باس لەوە دەكرێت رێژەكە بەو شێوەیە جێگیر كراوە.

*دیاریكردنی پشكی كورد و بابەتەكانی پێوەست بە بودجە پێوەندیان بە رێككەوتنی سیاسی پێكهاتنی حكوومەت و كارنامەی حكوومەتی سوودانییەوە چییە؟

رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان، بە كوردیشەوە، لەگەڵ حكوومەتی عێراقی، هەنگاوی پێشوەختە بووە سەبارەت بە ناوەڕۆكی بودجە و پێكهاتەكەی، بەتایبەتی پشكی هەرێمی كوردستان كە بەشێك بوو لە بەرنامەی كار و كارنامەكەی حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی، كە پێشوەختە كورد داخوازییەكانی لەناو كارنامەكەی ئەو حكوومەتە جێگیر كردووە، لەوانەش رێككەوتن لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەدا، ئەمە پێشوەختە گفتوگۆی لەسەر كراوە، بۆیە ئەگەر حكوومەتی هەرێم خۆی بەوە رازی بووبێت دەبێت پاساوێكی هەبێت.  

*دەكرێت دوای گەیشتنی پڕۆژەیاساكە بۆ پەرلەمان وەك نوێنەرانی كورد پێداگری زیاتر لەسەر زیادكردنی رێژەی پشكی هەرێم لە بودجە بكرێت؟ 

بێگومان پەرلەمان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە لەسەر هەر بڕگەیەكی ناو بودجە هەڵوەستە بكات، بە ئاراستەی زیادكردن یان كەمكردنەوە و تەنانەت گواستنەوە لە بڕگەیەك بۆ یەكێكی تر، لەوانەش پشكی هەرێمی كوردستان، بێگومان هەموو لایەنە سیاسییەكانی كورد، بەخۆشمانەوە، پرسیاری ئەوەیان دەبێت ئاخۆ بۆچی پشكی هەرێم 12.6%یە، لەكاتێكدا لە بودجەی 2021 هەمان رێژەمان بۆ دیاری كرابوو، ئاخۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2020 تا ئێستە هیچ زیادی نەكردووە و هەر هەمان رێژەیە.

دەبێت پاساوێك هەبێت رازیمان بكات بۆ ئەوەی ئەو رێژەیە قبووڵ بكەین، ئەگەرنا بەدڵنیاییەوە داواكارین پشكی هەرێم بگاتە رێژەی 14%، كە داواكارییەكی یاساییە و وەزارەتی پلاندانانی عێراق خۆی گوتوویەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان 14%ی دانیشتووانی عێراق پێك دێنن، چونكە هەموو ئەو ژمارانە خەمڵاندنە و زیاد لە 25 ساڵە لە عێراق سەرژمێری دانیشتووان نەكراوە، كەواتە حكوومەتی عێراق خۆی پشت بە داتای خەمڵێندراو دەبەستێت، بۆیە دەبێت قایل بكرێین، ئەگەرنا بەدڵنیاییەوە داكۆكی لەوە دەكەین كە رێژەكە بكرێتە 14%.

*ئایا جێگیركردنی 12.67% لە بەرانبەر ئەوە نییە كە هەرێم لەبری نەوت، داهاتی نەوت رادەستی بەغدا بكات؟

ئێمە بەشداریمان لە گفتوگۆكان لەگەڵ شاندی دانوستانكاری حكوومەتی هەرێم لە بەغدا نەكردووە، بۆیە بەوردی نازانین لەسەر چی رێككەوتوون، تەنانەت لەبارەی 12.67%یەكەش ئێمە لەبەر ئەوەی كە رەشنووسی بودجەكەمان نەبینیوە و هێشتا لەبەردەممان نییە، ناتوانین بەدڵنیاییەوە بڵین وایە، ناشزانین لە بەرانبەر ئەو ژمارەیەدا پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان چی دەبێت یان چۆنە، هیچ شتێك بەڕوونی ناتوانین لێی دڵنیا ببینەوە تا بودجەكە خۆی نەگات.

*سەبارەت بەو 200 ملیار دینارەی مانگانە لە لایەن بەغدا بۆ تەمویلی مووچە دەهات، لەگەڵ پەسندكردنی بودجە چی بەسەردێت؟

دوایین رێكار بۆ رەوانەكردنی ئەو بڕە پارەیە گیراوەتە بەر، كە بڕیاربوو بۆ مانگەكانی 11 و 12ی ساڵی رابردوو رەوانە بكرێت، كە دەكاتە 400 ملیار دینار، دوای بڕیارەكەی دادگەی باڵای فیدراڵ بەنایاسایی ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق ئامادەیی دەرنەبڕی بۆ رەوانەكردنی، رێكارێكی نوێ گیرایە بەر، ئەویش بانكی بازرگانی عێراقی ئەو بڕە پارەیە بەشێوەی قەرز بداتە هەرێم، تا ئەوكاتەی پشكی هەرێم لە بودجە جێگیر دەكرێت، ئەوكات حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پشكی خۆی ئەو قەرزە دەداتەوە.

بۆیە رەنگە هاتنی ئەو بڕە پارەیە بەردەوامی هەبێت، ئەوەش دەكەوێتە سەر ئەو رێككەوتنەی هەرێم و بەغدا كردوویانە، ئایا وەك بودجەی 2021 مانگانە ئەو 200 ملیار دینارە دەگاتە هەرێم، یان هەرێم لە بەرانبەریدا چی بدات، میكانیزمەكەی دیار نییە و تا پڕۆژەیاساكە نەگاتە پەرلەمان ناتوانین لەو زانیارییانە دڵنیا ببینەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل