"سزادانی بانكە عێراقییەكان كاریگەریی لەسەر نرخی دۆلار دەبێت"

:: PM:09:58:17/02/2025 ‌

د. خالید حەیدەر پرۆفیسۆر و مامۆستای ئابووری لە زانكۆی سلێمانی لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر بابەتی بانكە عێراقییە ئیسلامییەكان، كە بەردەوام لە لایەن ئەمەریكا بە تاوانی سپیكردنەوەی پارە و كاری نایاسایی سزا دەدرێن، باس لەوە دەكات، ئەو دۆلارانەی كە بانكە عێراقییەكان بە چاودێریی ئەمەریكا وەری دەگرن، هەندێكیان دەیدەن بە ئێران، كە واشنتن سزای بەسەردا سەپاندووە.

*بۆچی ئەو بانكە تایبەتە عێراقییانەی كە لە لایەن ئەمەریكاوە سزا دەدرێن زیاتر پاشگری ئیسلامییان پێوەیە؟

ساڵی رابردوو ژمارەیەك بانكی تایبەت لە عێراق سزادران كە پاشگری ئیسلامییان لەسەرە، هەندێك بانكی ئیسلامی هەیە ئەو سوودەی كە دەستی دەكەوێت، رێژەی قازانجەكەی زۆر زیاترە لەوەی بانكە ئاساییەكانی تر وەری دەگرن، تا چەند راستە نازانم، بەڵام بەو جۆرە بیستوومانە، ئەوەی لە رێگەی چالاكیی قەرزكردن و پاشەكەوت و قەرزدان بە خەڵك پارەیەكی زیاتر وەردەگرێت.

*بانكە ئیسلامییەكان دۆلار دەنێرن بۆ ئێران و ئەو وڵاتانەی ئەمەریكا سزای خستوونەتە سەر، ئەم كارە چۆن ئاشكرا دەبێت؟

ساڵی رابردوو ئەمەریكا دۆلارێكی زۆری بۆ عێراق نارد، ئەو دۆلارانە ژمارەیان لای ئەمەریكاوە تۆمار دەكرێن كە ئەو دۆلارانە بۆ عێراق رۆیشتوون، دواتریش ئەمەریكا لە رێگەی كەسانی تایبەتی خۆی لە تاران ئەوەیان ئاشكرا كرد كە ئەو دۆلارانەی كە دراونەتە عێراق، لە ئێران مامەڵەیان پێوە كراوە و بینراون، ئەوەش مانای وایە بە بەڵگە لایانە كە ئەو دۆلارانە دەنێردرێن بۆ ئێران.

* ئێران و عێراق سنوورێكی دوورودرێژی هاوبەشیان هەیە، تا چەند دەتوانرێت ئەو بابەتە كۆنترۆڵ بكرێت و رێگری لە بردنی دۆلار بۆ ئێران بكرێت؟

ئەوەمان بیر نەچێت، ئەو دوو وڵاتە سنوورێكی فراوانیان هەیە و تا رادەیەك تێكەڵن، زۆرینەی بابەتەكان و كەلوپەلی لە ئێرانەوە دێتە عێراق و بەشی زۆری پێویستییەكانی عێراق لە ئێرانەوە دێت، بۆیە بمانەوێ یان نا ئەو دۆلارانە ئاودیوی ئێران دەكرێت، ئەمەش وا دەكات ناڕەزایەتیی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكای بەدواوە بێت.

*دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەو رووەوە زۆر دژی ئێرانە، پێشبینیی كاردانەوەی چۆنە؟

دوای هاتنی ترەمپ بۆ كۆشكی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا، بە روونی دژی ئێرانە و باس لەوە دەكات ئەو بەخشینەی كە هەیەی بوو لە  عێراق بۆ كڕینی پێویستییەكانی بەتایبەتی غاز، ئێستە ئەو بەخشینە نەماوە، بەهۆی ئەوەوە ئێستە كارەبای شارەكانی عێراق زۆر خراپ بووە، بەهۆی ئەوی ئەو سووتەمەنییەی دەگەیشتە وێستگەكانی كارەبا ئەوە نەماوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە ترەمپ دەیەوێ ئەو مامەڵانەی لە نێوان ئێران و عێراقە نەیانهێڵێت، هەروەها خودی داراییەكەش رێگەپێدراو نییە، ئەوەش وا دەكات گەیشتنی دۆلار بە ئێران سنووردارتر بكرێت، تا ئەو كاتەی كە ئێران دەخاتە حاڵەتێك واز لە چەكی ئەتۆمی بێنێت و بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.

*سزای ئەو بانك و كۆمپانیایانە بە تۆمەتی سپیكردنەوەی پارەیە، ئەمە چۆن دەكرێت ئەو سپیكردنەوە؟

كۆمەڵێك كاری تێدایە، بەڵام لە رووە ئابوورییەكەوە سپیكردنەوەی پارە بریتییە لەوەی ئەو كەس و لایەن و بانكانە هەوڵ دەدەن ئەو پارەی كە بە شێوەیەكی نایاسایی دەستیان كەوتووە بیخەنە قاڵبێكی یاساییەوە، رەنگە ئەو پارەیان بە كار و مامەڵەی نایاسایی و بازرگانیی كەلوپەلی مەترسیدار دەست كەوتبێت، یان كڕین و فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی و دواتر فرۆشتنی بە نرخی بازاڕ، كاتێك دۆلار بە نرخی هەرزان دەكڕێت و دواتر بە گران دەیفرۆشێت، یان ئەو بانكە وا دەردەكەوێت لە ناو سەكۆی ئەلیكترۆنیدا ناوی نووسراوە لە نێوان ئەو كەسەی بازرگانن كە لە دەرەوە شت هاوردە دەكەن، ئەویش دەكەوێتە ئەو نێوانە و رەنگە شتی نایاسایی بكەن و بانكەكەش سوودمەند دەبێت لەوەدا، ئەویش هەڵدەستێت بەوەی ئەو پارە دەخاتە چوارچێوەیەكی فەرمی و وا نیشانی دەدات پارەیەكی فەرمییە، ئەمە بە كورتی مانای سپیكردنەوەی پارەیە.

*سزادانی بانكە عێراقییەكان كاریگەری لەسەر نرخی دۆلار دەبێت؟

بەڵێ، ساڵی رابردوو ژمارەیەك لە بانكەكانی سزا دران، لە سەرەتاوە نرخی دینار بەرانبەر بە دۆلار زیاتر دابەزی، دواتر ئاسایی بووەوە، حكوومەتی عێراق ساڵی 2023 بڕیاری دا مامەڵە بە دۆلارەوە نەكرێت، بەڵام بەڵێنەكانی وەك خۆی جێبەجێ نەكرد.

وشە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل