عەبدولواحید محەمەد سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر زیانەكانی بایكۆت و داخستنی دەرگەی قوتابخانەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئەو دەڵێت، بەهۆی ئەوەی لە 10 ساڵی رابردوو بەردەوام بایكۆت لەو سنوورە هەبووە، ئەمە وای كردووە كاریگەریی لەسەر رێژەی نەخوێندەواری هەبێت.
*داخستنی دەرگەی قوتابخانەكان كاریگەریی لەسەر پرۆسەی خوێندن و پەروەردە دەبێت؟
بەڵێ، كاریگەریی زۆری دروست كردووە و دروستی دەكات، لە چەندین لایەنەوە كاریگەریی دەبێت و بەو ئاسانییەش چارەسەر نابێت، پرۆسەی خوێندن وادەی خۆی بۆ دانراوە و وەرزەكان جیا كراونەتەوە و ساڵانەی خوێندن هەیە، ئەو وەرزانە كە دیاری دەكرێن گرنگی خۆیان هەیە، كاتێك دەوام رادەگیرێت و منداڵ دەچێتەوە ماڵ، واتە دروستكردنی كاریگەری لەسەر پەروەردە، فێركردن، ئاستی زانستی و دەروونی و كاریگەریشی لەسەر ئاستی گشتی دەبێت، قوتابی وای لێ دێت شەو و رۆژی لێ تێكدەچێت، خوی تازە فێر دەبێت و ناچار خۆی بە تەكنەلۆجیا خەریك دەكات.
*ساڵی رابردوو 150 رۆژ بایكۆت هەبوو، ئەمساڵیش بەرەو 90 رۆژ دەچێت، ئەمە چۆن قەرەبوو دەكرێتەوە؟
بە هیچ شێوەیەك قەرەبوو ناكرێتەوە، هەر كەس ئاماژە بە قەرەبووكردنەوە بكات، ئەوە خۆخافڵاندن و خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیاریەتی، با بێن پێمان بڵێن چۆن قەرەبوو دەكرێنەوە، هەر كەموكوڕییەك هەبێت كاریگەریی خۆی دەبێت و قەرەبووكردنەوەی نییە، هەر كەس باسی ئەوە بكات ئەوە دەواممان نەكرد و نمرەی باشیش هاتووە، تەنیا خۆدزینەوەیە، پەكخستنی پرۆسەی پەروەردە و خوێندن ئەگەر بۆ یەك سەعات و یەك وانەش بێت كاریگەریی خراپی دەبێت.
*بەپێی دوایین ئەنجامی راپرسی لە هەرێم رێژەی نەخوێندەواری 16% بووە، ئاخۆ بایكۆتی ساڵانی رابردوو كاریگەریی هەبووە؟
بەڵێ، ئەو نەخوێندەوارییە لەو حاڵەتە ناتەندروست و نەخوازراوەوە سەرچاوەی گرتووە كە رووبەڕووی پرۆسەی خوێندن بووەتەوە، لە ساڵی 2014 بایكۆت دەستی پێ كردووە، ماوەی دوو ساڵە چەند مانگێك دەوام نەكراوە، لەو چەند مانگەی ئەو دوو ساڵەدا، قوتابی هەبووە چووە كاری كردووە كە پارەیەكی دەست كەوتووە و باوەڕی بۆ دروست بووە كە دەستكەوتە مادییەكە باشترە لە خوێندن.
*هیچ داتایەك هەیە كە لەو دوو ساڵەدا قوتابی وازی هێنابێت، یان پێوەندییان بە قوتابخانە ئەهلییەكانەوە كردبێت؟
تا ئێستە شتێكی فەرمی نییە، چونكە دەبێت كاری لەسەر بكرێت، بەڵام بە دڵنییایەوە بایكۆتی دوو ساڵ و رێژەی نەخوێندەواریش ئەوەمان پێ دەڵێن كە چ كاریگەرییەكی هەبووە، بە دڵنیاییەوە ئەوانەی لەو 16%یەن گەورە و گەنج و منداڵیش دەگرێتەوە، هەروەها ئەوەش روونە بەهۆی بایكۆتەوە قوتابی هەیە كە لە رووی مادییەوە ئاستییان باشە، پێوەندییان بە قوتابخانە ئەهلییەكانەوە كردووە، بۆیە ئەو بایكۆتە لە بەرژەوەندیی قوتابخانە تایبەتەكانە.
*هەوڵ هەیە بۆ دەست پێ كردنەوەی خوێندن؟
هەوڵەكان هەن، بەڵام هەر جارێك دەوام دەست پێ دەكاتەوە باس لە جێبەجێكردنی داخوازی مامۆستایان دەكرێت، بەڵام دواتر كێشە دروست دەبێتەوە، پێویستە هەمووان بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن، چونكە كەرتی پەروەردە گرنگە بۆ هەر وڵاتێك.
وشە/ هۆشیار عەلی