"بەغدا هاوبەشیی هەرێمی كوردستانی لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدراڵی پێ قبووڵ نییە"

:: PM:09:26:08/04/2025 ‌

یادگار مەحموود ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر پرسی هەناردەنەكردنەوەی نەوتی هەرێم، باس لەوە دەكات كە حكوومەتی عێراق بیانوو بە هەرێمی كوردستان دەگرێت و نایەوێ لە رووی ئابوورییەوە پێش بكەوێت، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیكات پێشێلكردنی یاسا و كارنەكردنە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم.

*دوو مانگ پێش ئێستە رێككەوتن لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم كرا، بۆچی تا ئێستە نەوت هەناردە نەكراوە؟

دەبێت پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە پرسی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان بەراورد بكرێت، ئەوەی لە ماوەی رابردوو تا ئێستە هەیە بەغدا تەنیا بیانووی هەبووە بۆ نەناردنی مووچە و بودجە، لە كۆتاییدا دەركەوت ئەوەی بەغدا دەیكرد تەنیا ئەوە بوو كە مووچەی خەڵكی كوردستان بەبێ گرفت دوا بخات، ئێستە پرسی هەناردەكردنەوەی نەوت هاتووەتە پێشەوە، جارێكی تر بەغدا دەیەوێ گرفت دروست بكات، روونە بۆ ئەوەش ئەو كارەی كردووە.

*بۆچی بەغدا دەیەوێ گرفت دروست بكات، خۆ ئەم بابەتە پێوەندیی بە ئابووریی عێراقیشەوە هەیە؟

خۆی ئەمەیە قسەكە، بەغدا دەیەوێ هەناردەكردنی نەوت دەست پێ نەكاتەوە و بابەتەكەی بە سیاسی كردووە، نەوت بۆ عێراق شادەماری ئابوورییە، بۆ هەرێمی كوردستانیش هەمان شتە، بەڵام بەغدا نایەوێ جارێكی تر نەوت ببێتە هۆكاری بەهێزبوونەوەی ئابووریی هەرێم، كە لە ماوەی رابردوو ئابووریی هەرێمی بەهێز كرد، بەغداش ئەمەی ناوێت.

*ئەمە بە مانای رەتكردنەوەی هەرێم نییە لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدراڵ؟

بەڵێ بە دڵنیاییەوە، بەغدا بەشداری و هاوبەشیی هەرێمی كوردستانی لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدراڵی پێ قبووڵ نییە، ئەو بیانووەی كە دەیگرێت، ئەوەیە دەبێت گرێبەستی كۆمپانیاكانی نەوت كە لە هەرێم نەوت بەرهەم دێنن، پێداچوونەوەی بۆ بكرێت، بۆ ئەوەش پەنایان بۆ دادگای فیدراڵی برد.

*دادگای فیدراڵی قسەی خۆی كرد كە هیچ كێشەیەك لەوبارەوە نییە، بەڵام بەغدا نایەوێ پابەند بێت، بۆچی؟

دادگای فیدراڵی وەڵامی ئەوە بوو ئەو گرێبەستانەی لە نێوان كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت و هەرێم هەیە هیچ گرفتێكی یاساییان نییە، بابەتەكەی تر ئەوەیە كە بەغدا نایەوێ بچێتە ژێر باری پێدانی پارەی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت بۆ كۆمپانیاكان كە لە هەرێم نەوت بەرهەم دێنن، بۆیە بەغدا نایەوێ ئەوە بكات و بە كۆنكرێتی نەچووەتە ژێر باری ئەوەی كرێی ئەو كۆمپانیایانە چۆن دەدات.

*كەواتە بەغدا بۆچی مادەی 12ی یاسای بودجەی گشتیی عێراقی هەموار كرد كە باسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی دەكات؟

لە مانگی شوباتی ئەمساڵ یاسای بودجە هەموار كرایەوە، لە پێناو بڕگەی جیم لە ماددەی 12ە بەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت 16 دۆلار بێت، هەرچەندە كۆمپانیاكان رایان گەیاندبوو كە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە زیاترە، لەوەشدا رازی بووین، بەڵام بە شێوەیەكی گشتیی نا، چونكە شوێن هەیە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی زیاتری تێدەچێت، كەچی دیسان وا بەغدا ئامادە نییە نەوت هەناردە بكرێتەوە و كەسیش نازانێت كەی دەست پێ دەكاتەوە. 

*بەغدا هیچ كێشەی لەگەڵ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم هەیە؟

بەغدا دەیەوێ خۆی كۆمپانیا بۆ دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم دەستنیشان بكات، كۆمپانیاكانیش بەوە رازی نابن، چونكە چەند ساڵێكە كار ناكەن و نزیكەی یەك ملیار دۆلاریشیان پێ نەدراوە كە لە رابردوو نەوتیان دەرهێناوە، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیڵێت كە رازییە و هەناردنی نەوت دەست پێ دەكاتەوە بەو جۆرە نییە، بەغدا نایەوێ نەوتی هەرێمی كوردستان بفرۆشرێت.

وشە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل