شەیما مولایی: لە ڕۆژهەڵات شێرە ژنی ڕچە شكێنمان زۆرە و بوونەتە ئیلهام بۆ ئێمە

:: AM:11:21:22/04/2025 ‌
شەیما مولایی كچە ئەكتەرێكی كوردە و ماوەی چەندان ساڵە وەك هونەرمەند بەشداریی چەندان فیلم و درامای كردووە، لەم دیمانەدا لەگەڵ "وشە" باسی كار و چالاكییەكانی دەكات و دەڵێت: لە كۆرسێكی فۆتۆگرافی و فیلمسازییەوە دەستم پێ كرد.

ئەگەر باسی ئەزموونی خۆت بكەیت، لەكەیەوە وەك ئەكتەر بەشداریی فیلم و دراما دەكەیت و چۆن و ئەم بوارەت هەڵبژارد؟

لە منداڵییەوە حەزم لە بواری هونەری بوو، بە تایبەت ئەكتەری سینەمایی، هەر بەم بۆنەوە لە كۆرسێكی فۆتۆگرافی و دواجار فیلمسازی لە ئەنجوومەنی سینەما جوانی سنە بەشداریم كرد، دوایی بە كورتە فیلمێك دەستم بە كاری نواندن كرد كە ئەو كارە بوو بە دەستپێكی نواندن و كاری هونەری من.

ئەو كارانەی بەشداریت كردوون كامانەن؟

لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا تا ئێستە چەندان ئەزموونم هەبووە لە بواری نواندن لە فیلمی درێژ، كورتە فیلم و هەروەها دراما كە ئاماژە بە چەند كارێكم دەكەم وەك: فیلمی درێژی "بیرەوەرییەكانی سەر بەرد" لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد شەوكەت ئەمین. فیلمی درێژی "هەنارم بۆ دا كردووی" لە دەرهێنانی جەمیل مەفاخری. فیلمی درێژی "بەیان" لە دەرهێنانی ئەمیر غوڵامی .درامای "سەنجەرخان" لە دەرهینانی محەمەد حوسێن لەتیفی،  درامای "كۆشكی هەنار" لە دەرهێنانی جەمیل مەفاخری، درامای "ئادیابین" لە دەرهێنانی حەسەن عەلی خان. كورتە فیلمی "اهلی" لە دەرهێنانی نیما عەبدولعەزیمی، كورتە فیلمی "ماڵی سپی" لە دەرهینانی ئەرەستوو مەفاخری، كورتە فیلمی "دەنگەكان لە شەپۆلەكاندا" لە دەرهێنانی نەوید زارع، كورتە فیلمی "فڕینی ماسییەكان" لە دەرهێنانی محەمەد تەوریوەریان، كورتە فیلمی "ژان" لە دەرهینانی بورهان ئەحمەدی، كورتە فیلمی "بەڕوو" لە دەرهێنانی ئیبراهیم حێساری و چەندان كاری تر.

دۆخی ژنانی رۆژهەڵات لە بەشدارییان لە بواری هونەر و كارە هونەرییەكاندا چۆن دەبینیت؟

هەمیشە ئاستەنگ و بەربەست بۆ ژنان لە بوارە جیاجیاكانی هونەردا بوونی هەبووە. وەك ئاستەنگی كومەڵگە خۆی، ئاستەنگی داونەریت، بەربەستی حكوومەتی و ئەو بڕوایانەی كە لەسەر ئیش و مافی ژنان هەیانە، بەداخەوە هێشتا لەناو كۆمەڵگەدا پیاوسالاری بوونی هەیە كە بە چاوێكی نزمەوە سەیری كاری ژن دەكەن، بەڵام یەك شتی زۆر دڵخۆشكەر هەیە، لە ڕۆژهەڵات زۆر ژنی گەورە و هونەرمەندی ڕچەشكێنمان هەن كە توانیویانە زۆر سەركەوتوو بن لە بواری هونەریدا، توانیویانە ڕێگەخۆش بكەن و ببنە ئیلهام بۆ ژنان و كچانی تریش كە دەیانەوێت ئەوانیش لە بواری جۆربەجۆری هونەریدا سەربكەون.

چۆن بوو بەشداریت لە درامای ئادیابین و سەنجەرخاندا كرد كە باس لە مێژووی كورد دەكەن، لە رۆڵەكەی خۆت رازی بوویت، پێت وایە كامیان باشتر توانیت ئەدای رۆڵەكەت بكەیت؟

بەشداری كردنم لە درامای ئادیابین و سەنجەرخان بەو جۆرە بوو، كاتێك سیناریۆكە كەوتە بەردەستم، چ درامای ئادیابین و چ سەنجەرخان، هەردوو دراماكە كارێكی نیشتمانی بوون و باسی مێژووی كورد و خەبات و تێكوشانی گەلی كوردیان دەكرد، زۆرم پێ خۆش بوو بتوانم بەشێك بم لەو كارانە و بە شانازییەوە لە دوو درامای كوردی بەشداریم كردووە كە باسی مێژوو و بەسەرهاتی گەلەكەمان دەكات. زۆر سوپاسی حوسێن لەتیفی و مامۆستا حەسەن عەلی خان دەكەم كە ئەو دەرفەتەیان بۆ رەخساندم كە رۆڵی فیروزە و ڕێحان لەو دوو درامایەدا ببینم، لەبارەی رۆڵم لەو دوو كارەدا ناتوانم بڵێم لە رۆڵی خۆم ڕازیم، چونكە ئەوە بینەر دەبێت بڕیار بدات.

وەك ئەكتەر كە بە رۆڵێك بەشداری دەكەم، تەواوی هەوڵی خۆم دەدەم، بیر لەو دنیایە دەكەمەوە كەسەكەی تێدا ژیاوە، وادەكەم شتێك پێشكەش بكەم نزیك بێت لەو كەسەی لە رۆڵەكەمدا باسی دەكەم، ئەو بەشە نهێنییانە كە لە ناو كاراكتەرەكەدا هەیە، بیدۆزمەوە و پێشكەشی دەكەم. هەر كام لەو دوو كاراكتەرە لە درامای سەنجەرخان و ئادیابیندا، بە ڕاستی بەشێكن لە ڕۆحی من. ڕەنگە هەردوو درامای ئادیابین و سەنجەرخان لە ڕووی مێژووییەوە نزیك بن لە یەكترەوە و بەسەرهاتێكی هاوبەشیان هەبێت، بەڵام كەسایەتیی فیروزە و ڕێحان زۆر جیاواز لە یەك دەبینم، هەریەكەیان بە شێوازێكی تایبەت بە خۆیان ڕووبەڕووی ئەو بارودۆخەوە دەبنەوە كە لەو سەردەمە بوونی هەبووە، ئەو دوو كاراكتەرە بە شێوازێك بەشێك لە ناسنامەی ژنان و كچانی بەهێزی ڕەسەنی كوردن و زۆر دڵخۆشم كە ئەو دەرفەتەم هەبوو، خۆم لە ئەو دوو ڕۆڵە تاقی بكەمەوە، هیوادارم توانیبێتم وێنەیەكی ڕاستەقینە لەو دوو رۆڵەدا پێشان بدەم.





وشە - سۆران عەزیز