خەسرەو جاف جووتیاری نموونەیی لە شارەزوور لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر پاڵپشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و باس لەوە دەكات، گرنگیدان و پاڵپشتییەكانی چوار ساڵی رابردوو بۆ كەرتی كشتوكاڵی، وای كردووە بەهای زەوی كشتوكاڵی بە شێوەی كڕین و كرێ، بە شێوەیەكی بەرچاو گران بێت و بەرز بێتەوە، كە چەندین هێندەی ساڵانی رابردووە.
*دۆخی كەرتی كشتوكاڵی ئێستە لە چ ئاستێكدایە؟
بەهۆی بەردەوامیی پاڵپشتییەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ كەرتی كشتوكاڵی و بەرەوپێشچوونی كەرتەكە لە هەرێمی كوردستان، كەرتی كشتوكاڵی تا رادەیەكی زۆر باش پێش كەوتووە و جووتیاران بە شێوەیەكی فراوان دەستیان بە چاندن كردووە و گەڕاونەتەوە بۆ كشتوكاڵكردن و خواستێكی زۆر لەسەر كشتوكاڵ هەیە، بەتایبەت لە تەڕەكاڵەكان كە جۆرەكانی سەوزە و كاڵەك و شووتی دەگرێتەوە.
*لە ماوەی كابینەی نۆدا چۆن ئاستی كەرتی كشتوكاڵی پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە؟
روونە كە لەو ماوەیەدا پاڵپشتیی كەرتی كشتوكاڵی و جووتیاران كراوە، ئەوەی گرنگە دۆزینەی بازاڕەوە بۆ بەرهەمی جووتیاران بەتایبەت لە دەرەوە، ئێستە بەشێك لە بازاڕی ساغكردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بازاڕەكانی دەرەوەن، وەك دەبینین چەندین جۆر لە بەرهەمی جووتیاران رەوانەی دەرەوە لە ئەوروپا و كەندا و وڵاتانی تر دەكرێت، ئەمە بۆ جووتیاران جێگەی دڵخۆشییە.
*لە چوارچێوەی كەرتی كشتوكاڵی و زۆری خواست لەسەری، بەها و نرخی زەوی كشتوكاڵی گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە؟
بە رێژەیەكی زۆر گۆڕانكاریی رووی داوە كە لەگەڵ 10 ساڵ پێش ئێستە پێشبینینەكراو بوو، زەوییە كشتوكاڵییەكان بە شێوەیەكی بەرچاو نرخیان بەرز بووەتەوە و خواستی زۆریشیان لەسەرە، ئەو خواستە وای كردووە بەهاكەیان بەرز بێتەوە، جیاوازییەكە چەندین هێندەیە.
*ئەگەر باسی زەوییەكی كشتوكاڵی بكەین لە رابردوو و ئێستە، لە رووی نرخی كرێ چۆنە؟
لە 10 ساڵی رابردوو، ئەوانەی زەوی كشتوكاڵییان هەبوو، خۆیان ئامادەنەبوون بیكەن بە كشتوكاڵ، بۆیە دەیاندا بە جووتیاران تا تۆ و بەرهەمی تیا بچێنن، هەندێك هەر بە خۆڕایی دەیاندا تا زەوییەكەیان نەمرێت، هەندێ بە پارەیەكی زۆر رەمزی دەیاندا كە شایەنی باسكردن نەبوو، یان بە سێ یەك، بەڵام ئێستە یەك دۆنم زەوی بە نزیكەی 400 هەزار دینار بە كرێ دەدرێت بە جووتیاران، ئەو زەوییەی لە رابردوو كە 5 بۆ 10 دۆنم دەبوو، بە خۆڕایی دەدرا بە كرێ، ئێستە بە دوو ملیۆن یان پێنج ملیۆن دینار دەدرێت بە كرێ.
*ئەی بۆ كڕین و فرۆشتن چی بەسەر هاتووە؟
ئەو زەویانەی كە تەنانەت ئەگەر شوێنیشیان زۆر باش نەبوو، یەك دۆنم بە 500 دۆلار بوو، ئێستە نرخیان بۆ 40 تا 50 وەرەقە بەرز بووەتەوە، ئەمە 10 هێندەی رابردوو دەكات، یان زەوی هەیە كە شوێنەكەی رێگەی بۆ كراوە و ئاوی لێ نزیكە دۆنمی بە 10 هەزار دۆلار ئەگەر دەست بكەوێت، ئەمە بەرزبوونەوەیە بەهۆی خواستە لەسەر كەرتی كشتوكاڵی و پاڵپشتییەكانی جووتیاران بۆ بەرهەمەكانیان، كڕین و فرۆشتنەكەش كە خەڵكێكی زۆر دەیفرۆشێت نرخەكەی گران كردووە، چونكە خواستی لەسەرە.
*حكوومەتی هەرێم لە كابینەی نۆ گرنگی زۆری بە كەرتی كشتوكاڵ داوە، ئەمە چۆن كاریگەریی لەسەر تەواوی كەرتەكە هەبووە؟
بەڵێ، هەر پاڵپشتی و هاوكارییەك و بەرەوپێشچوونێك لە كەرتی كشتوكاڵ، راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر كەرتەكە دەبێت بە هەموو بەشەكانییەوە، جووتیار تەنیا ئەوەی دەوێ بەرهەمەكەی بازاڕێك هەبێت تیایدا ساغی بكاتەوە، جووتیاران چاویان لەوەیە بۆ تەواوی بەرهەمەكان بازاڕ دروست بكرێت بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان، وەك چۆن ئێستە هەنار و پەتاتە و سێو و تەحین و كونجی و چەندین جۆری تر بازاڕی دەرەوەیان بۆ دۆزراوەتەوە بۆ ساغكردنەوە.
وشە/ هۆشیار عەلی